نەتەنیاهوو بۆ روبیۆ: ئەمریکا و ئیسرائیل باشترین هاوپەیمانن
رووداو دیجیتاڵ
لە قودس- ئۆرشەلیم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی و ئەمریکا باشترین هاوپەیمانی یەکدین. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، پاڵپشتی ئیسرائیلیان کردووە و دەکەن. لە گوشارەکانیشیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن.
رۆژی دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، لە قودس- ئۆرشەلیم بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەمریکا هیچ هاوپەیمانێکی باشتری لە ئیسرائیل نییە. روونیشە کە ئیسرائیل هیچ هاوپەیمانێکی باشتری لە ئەمریکا نییە. هاوبەشی زۆر گرنگی یەکدی بووین و هاوپەیمانێکی گرنگیش بووین کە من پێموایە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "ئەو رۆژە سەرۆک ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) پێیگوتم، 7ـی تشرینی یەکەمت لەبیربێت. ئەمە ئەوە بوو کە گوتی. کۆمەڵکوژکردنی کەسانی بێتاوانمان لەبیرە، بارمتەکانمان لەبیرە و پابەندین بە گەڕاندنەوەی هەموویان، بە مردوو و زیندووەوە".
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر غەززە وەڵامیدایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو هێرشەی حەماسدا 251 کەسی بە بارمتە گرت. بە گوێرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێشتا 48یان لەو کەرتە ماون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی غەززەی دوای جەنگیش ئاماژەی بەوە کرد، "حەماسمان لە یادە و دەزانین کە پێویستە شکستیان پێبهێنین و دڵنیایی بدەین کە چی دیکە ناتوانن غەززە بکەنە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. نابێت چی دیکە لەوێ بمێننەوە."
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەی "بەردەوامە لە کەمپەینی سیاسەتی زۆرترین گوشار و بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی زۆرترین گوشاری ئابووری لەسەر ئێران تاوەکو ئامانجەکەیان دەگۆڕن."
رۆبیو گوتیشی، "هانی هاوبەشە ئەورووپییەکانمان دەدەین دەست بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزاکان لەسەر ئێران بکەن. هانیان دەدەین لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بن و 100٪ پاڵپشتی ئەوە دەکەین."
وڵاتانی رۆژئاوا ئێران بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن و ئەویش دەڵێت، ئامانجەکەی ئاشتییە. لە جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا کە حوزەیرانی ئەم ساڵ روویدا، ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام تاوەکو ئێستا نازاندرێت بەتەواوی چی لەو بنکانە و ئەتۆمەکەی نێویان هاتووە.
بەشێکی دیکەی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەست بوون بە پرسی غەززە و ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا "روون بووە لە پرسی غەززە و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان دەستبەجێ بۆ ماڵەکانیان. نابێت چیدیکە حەماس وەکو لایەنێکی چەکدار بمێنێتەوە کە هەڕەشە بێت لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، نەک تەنیا ئیسرائیل."