ترەمپ لە نامەیەکدا بۆ لەتیف رەشید: پابەندین بە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق نارد کە تێیدا هاتووە، "بە پەرۆشەوەین بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریمان لەسەر کارە لەپێشینە هاوبەشەکان و بنیاتنان لەسەر دەستکەوتە ئابوورییەکانمان."
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک، وەکو رۆژی نیشتمانیی عێراق دیاریکراوە؛ بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق، پەیامەکەی ترەمپ پیرۆزبایی بووە لە 93یەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عێراق.
لە پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ جەختی لە پابەندبوونی تەواوی ئەمریکای بە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ عێراق و هاوکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
لە نامەکەی ترەمپ بۆ لەتیف رەشید هاتووە، "ئەم ساڵ بە چەندین دەستکەوتی بەرچاو جیادەکرێتەوە، کە بریتیین لە توانای خۆڕاگریی عێراق و سەرکردایەتیی گەشەسەندووی لە ناوچەکەدا."
دەقی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ لەتیف رەشید:
سڵاوێکی گەرم، بەڕێز سەرۆککۆمار..
من و گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵین کە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە، حکومەت و گەلی عێراق بکەین بەبۆنەی ئاهەنگگێڕان بە 93یەمین رۆژی نیشتمانیی عێراق.
ئەم ساڵ بە چەندین دەستکەوتی بەرچاو جیادەکرێتەوە کە بریتیین لە توانای خۆڕاگریی عێراق و سەرکردایەتیی گەشەسەندووی لە ناوچەکەدا. هەروەها میوانداریکردنی سەرکەوتووانەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا، توانای عێراقی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و هاوکاری لەنێوان وڵاتانی دراوسێدا دەرخست. سەردانی ئەنجوومەنی کاری ئەمریکی-عێراقی لە مانگی نیساندا، پتەویی هاوبەشییە ئابوورییە هاوبەشەکەمانی دووپاتکردەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندبوونی بەهێزی خۆی بە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دەردەبڕێت. پێکەوە کارمان کردووە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی و پتەوکردنی ئاسایشی وزە و بەردەوامبوون لەسەر گوشارەکان بۆ رێگری لە دووبارە دەرکەوتنەوەی داعش. بە پەرۆشەوەین بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریمان لەسەر کارە لەپێشینە هاوبەشەکان و بنیاتنان لەسەر دەستکەوتە ئابوورییەکانمان.
هیوای جەژنێکی پیرۆز و ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە و هەموو عێراقییەکان دەخوازین.
لەگەڵ رێزی زۆرماندا،
سەرۆک دۆناڵد ج. ترەمپ