ئەحمەد شەرع لە مۆسکۆ داوای رادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی سووریا رایدەگەیێنێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لە چوارچێوەی یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ مۆسکۆ لە رۆژی چوارشەممە، داوا لە رووسیا دەکات بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی رادەست بکاتەوە، کە دوای رووخانی حکومەتەکەی پەنای بۆ ئەو وڵاتە بردووە.
ئەو بەرپرسە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە و بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناسنامەی قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، گوتی: "ئەحمەد شەرع داوا لە سەرۆکی رووسیا دەکات هەموو ئەو کەسانە رادەست بکاتەوە کە لە سووریا تاوانی جەنگییان کردووە و ئێستا لە رووسیان، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەشار ئەسەد."
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی پێشووی سووریا، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا و دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەشار ئەسەد لەگەڵ ژمارەیەک لە نزیکەکانی پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە راگەیێندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع رۆژی چوارشەممە بۆ "سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە رووسیا." بەپێی ئاژانسەکە، شەرع لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، "گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جێگەی بایەخەکانی هەردوولا دەکات،" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پرسی رادەستکردنەوەی ئەسەد بکات.
رۆژی سێشەممە، بەرپرسە سوورییاییەکە بە فرانس پرێسی گوتبوو، جگە لە پرسی ئەسەد، شەرع و پووتین تاوتوێی چەندین دۆسیەی گرنگی دیکە دەکەن، لەوانە "پرسە ئابوورییەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان، تاوتوێکردنی دۆخی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا، و میکانیزمی پڕچەککردنەوەی سوپای نوێی سووریا."
رووسیا لە ماوەی شەڕی 14 ساڵەی ناوخۆی سووریادا هاوپەیمانێکی سەرەکی و ستراتیژیی حکومەتەکەی ئەسەد بوو. دوای پێشکەشکردنی پشتیوانیی بەهێزی دیپلۆماسی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەکارهێنانی ڤیتۆ دژی چەندین پرۆژەبڕیار، لە ساڵی 2015دا بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازیی کرد و لەرێگەی هێزی ئاسمانییەوە بە چڕی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆردوومان کرد، کە ئەمەش هاوسەنگیی هێزی لە بەرەکانی شەڕدا بە قازانجی ئەسەد گۆڕی.
سەرەڕای ئەم مێژووە، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی ئاشتییانە و هاوسەنگ لەگەڵ رووسیا دابمەزرێنن. لەدوای لابردنی ئەسەدەوە، چارەنووسی بنکەی دەریایی ستراتیژیی رووسیا لە تەرتووس و بنکە ئاسمانییەکەی لە حمێمیم بە ناڕوونی ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانە بەشێک لەو تەمومژە بڕەوێنێتەوە.