کۆشکی سپی پێشبینی دەکات 10 هەزار فەرمانبەر بەهۆی داخستنی حکومەتەوە دەربکرێن
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، پێدەچێت بەلایەنی کەمەوە 10 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی، بەهۆی داخستنی حکومەتی ئەمریکاوە لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی کۆماریی وڵاتەکە، گوشارەکانی بۆ سەر دیموکراتەکان زیاتر دەکات.
داخستنی حکومەت چووەتە سێیەم هەفتەی خۆیەوە و کۆنگرێس لەسەر خەرجییەکان تووشی چەقبەستوویی بووە، ترەمپیش هەڕەشەکانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران جێبەجێ دەکات.
رەسڵ ڤۆوت، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجەی کۆشکی سپی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی "چارلی کیرک شۆ" لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی دەرکراوەکان گوتی: "پێموایە ژمارەکە زیاتر لە 10 هەزار کەس بێت."
هەروەها گوتی: "دەمانەوێت لە هەر شوێنێک کە دەتوانین، زۆر بە تووندی رووبەڕووی بیرۆکراسی ببینەوە."
بەڵگەنامە دادوەرییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە پێشکێشکراون، دەریانخستووە کە رۆژی هەینی زیاتر لە 4 هەزار فەرمانبەر دەرکراون و وەزارەتەکانی گەنجینە، تەندروستی، پەروەردە و نیشتەجێکردن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ڤۆوت گوتی، ئەوە تەنیا "وێنەیەکی کاتییە" و ژمارەکە زیاتر دەبێت.
ترەمپ هۆشداریداوە کە بەردەوامبوونی دیموکراتەکان لە رەتکردنەوەی پشتیوانیکردنی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەت تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم پەسەندی کردووە، دەبێتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەو فەرمانبەرانەی کە بە لایەنگری پارتی ئۆپۆزیسیۆن دادەنرێن.
سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە رێگەیەک بۆ پێدانی مووچەی ئەو سەربازانە بدۆزێتەوە کە بۆ یەکەمجارە مووچەکانیان وەرناگرن.