هانۆڤەر.. ئیسلامییەکان و دژە ئیسلامییەکان خۆپێشاندانیان ئەنجام دا
رووداو- هانۆڤەر
گرووپێک لە پارتی راستڕەوی ئەڵمانی خۆپێشاندانێکیان دژی گرووپە ئیسلامییەکان ئەنجام دا، هاوکات گرووپێکی لایەنگری گرووپە ئیسلامییەکان دژی گرووپی راستڕەوەکان خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.
نزیكەی سێ هەزار كەس لە ئەندامانی پارتی راست لە ئەڵمانیا دژی چەكدارە ئیسلامییە تووندڕەوەكان خۆپیشاندانێكیان لە شاری هانۆڤەر ئەنجام دا و لە خۆپیشاندانەكەدا هوتافیان بۆ وەستاندنی گرووپە ئیسلامییەكان لە ئەوروپا دا و داوایان دەكرد، كە رووبەرووی ئەو گرووپانە ببنەوە.
هێزەكانی ئاسایشی ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2014، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پارتی راستی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان دژی گرووپە ئیسلامییەكان ئەنجامدا و داوایان كرد، گرووپە ئیسلامییەكان لە ئەوروپا بوەستێندرێن و نەهێڵدرێت لەوە زیاتر ببنە مەترسی بۆ سەر جیهان.
دواتر نزیکەی 1500 کەسی لایەنگری گرووپە ئیسلامییەکان دژ بەو خۆپیشاندەرانە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و گرژی و تووندوتیژی زۆری لێكەوتەوە.