دادگەی باڵای بەریتانیا پرسی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا یەکلادەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووبارە دادگەی باڵای بەریتانیا دۆسیەی "ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا" بکاتەوە و دوای نیوەڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن. هەرچەندە پێشتر چەندجارێک ئەو بابەتە تاوتوێکراوە و چەند وڵاتێکیش تانەیان لێداوە، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، پێنج دادوەر لە دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتی ناردنی "کۆچبەرە نایاساییەکان" بۆ رواندای ئەفریقیا دەدەن.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت، ئەمساڵ 27 هەزار کۆچبەر بە رێگەی "بەلەم و بارهەڵگر" چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا. ئیدارەی ریشی سووناکی سەرۆکوەزیران پێیوایە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر حکومەت بۆ نیشتەجێکردن و حەواندنەوەی ئەو هەموو خەڵکە. هەروەها، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، ئیدارەی سوناک پێی وایە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێبکەن، سوناک لە هەڵبژاردنی داهاتوو پێگەی خۆی قایمتر دەکات.
 
هەرچەندە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە".
 
دادوەرەکان رایانگەیاند، "کەموکوڕییەکانی سیستمی پەنابەریی رواندا دەبێتە هۆی ئەوەی کۆچبەرێک کە لە بەریتانیاوە رەوانەی رواندا بکرێت، دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و لەوێ رووبەڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبێتەوە".
 
ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، بە گوتەی دادوەرەکانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، پێشێلکردنی بڕگەی 3ی یاسای مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوە دەکات، "نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە".
 
هاوکات، حکومەتی رواندا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا". بەپێی رێککەوتنەکە؛ دەبوایە بەریتانیا کۆچبەران بنێرێتە رواندا و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لە لەندەن وەربگرێت.
 
بەڵام دوای مانگێک، لە تەممووزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بە کۆچی نایاسیی پەسەند کرد. بەو پێیەش، لەمە بەدواوە، هەرکەسێک بە بەلەم و بە رێگەی نایاسایی و قاچاخ پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا، لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.
 
 بەگوێرەی یاساکە، هەموو ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی "نایاسایی" بۆ بەریتانیا کۆچدەکەن، دیپۆرتی وڵاتێکی "ئارام"ی سێیەمی وەکو رواندا دەکرێت بۆ ئەوەی رێگە لە پەنابەری نایاسایی بگرن. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو یاسایەی بەریتانیا، کە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە تێپەڕێندراوە و چاوەڕێی پەسندکردن لەلایەن شا چارڵسی سێیەم، شای بەریتانیا دەکات "لە دژی پابەندییەکانی وڵاتەکەیە لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەرێتی و کاریگەریی دەخاتە سەر ئەو خەڵکەی پێویستییان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە".
 
ڤۆکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و فلیپۆ گراندی، سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئەو یاسایەی بەریتانیا رێگری لە پەناخوازان دەکات داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشکێش بکەن، ئەوەش بەبێ گوێدانە هەلومەرجی کۆچبەران، "جگە لەوەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هێزی نوێی دەستبەسەرکردن بەجۆرێک چاودێریی دادوەری لەسەری سنوورداربێت".
 
رۆژی 22ی تەممووزی 2023، هاونیشتمانییەک بە ناوی ئاراس عەلی کە لە بەریتانیا پەناخوازە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرچەند بڕیاردراوە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا رابگیرێت و نایاساییە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەو کەسانەی پێشتر بڕیاربووە بنێردرێن بۆ رواندا، دەبێت یان دیپۆرت بکرێنەوە وڵاتی خۆیان یان بنێردرێنە رواندا کە ژمارەمان 27 کەسە".
 
ساڵی رابردوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سووناک رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەران یەکێک دەبێت لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتەکەی.
 
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی بەریتانیا، هەر کۆچبەرێک رەوانەی رواندا بکرێت، وەکو یەکەم هەنگاو زیاتر لە 133 هەزار دۆلار دەدرێت بە رواندا بۆ ئەوەی وەریان بگرێت، هەروەها 28 هەزار دۆلار بۆ کرێی فڕۆکەکەی، 22 هەزار دۆلار خەرجیی پرۆسەی یاسایی هەر کۆچبەرێک دەبێت، کە لە بەریتانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ رواندا.
 
بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو یەکەم گەشتی رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا بکرێت، بەڵام لەلایەن دادگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپاوە بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" بڕیاری لەسەردرا و گەشتەکە راگیرا.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، دادگەی باڵای لەندەن، بڕیاری یاساییبوونی بەرنامەکەی دا، بڕیارەکە لەلایەن چەندین رێکخراو و کۆچبەری وڵاتانی وەکو سووریا، عێراق، سوودان، ئێران و ڤێتنامەوە تانەی لێدراوە کە دژی مافی کۆچبەرانە.
 
ساڵی رابردوو، چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە بەلەم ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونە بەریتانیا.