یاریزانێکی کورد سێ شەو و سێ رۆژ بەسەریەکەوە رایکرد؛ لە میونشنەوە بۆ رۆما
رووداو دیجیتاڵ
بەهجەت حەسەن، یاریزانی یاریی راکردنی دوورمەودا (ئولترا رەن)، کوردێکی دیاسپۆرانشینە و لە شارۆچکەی (کێمپتن)ی باشووری ئەڵمانیا دەژیت. لە یارییەکی دەگمەنی راکردندا، توانیویەتی سێ شەو و سێ رۆژ بەسەریەکەوە رابکات. ئەو لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە تا شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایکردوە. ئەم یارییە پشت بە راهێنانی مێشک و دڵ و سیستمی خواردن و شێوازی راکردن دەبەستێ.
بەهجەت حەسەن، یاریزانێکی کوردە لە یارییەکانی راکردنی دوورمەودا (ئۆڵترا رەن)، کە نەک تەنیا رۆیشتنە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی قووڵی توانای جەستەیی و دەروونی مرۆڤە. بەهجەت، کە ماوەی 23 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و نیشتەجێی شاری کێمپتنە، چیرۆکێکی پڕ لە ئیلهامبەخشیی لەگەڵ خۆی هێنا، چیرۆکێک کە سنوورەکانی توانای مرۆڤ تێدەپەڕێنێت و ئومێد و ئیرادە بە گوێگران دەبەخشێت.
پێش هەموو شتێک، دیمەنی 50 کاژێر راکردن بە بەردەوامی لەسەر ئامێری "ترێدمێڵ" سەرسووڕهێنەرە، لە کاتێکدا زۆربەمان دوای نیو کاژێر یان کەمتر هەست بە ماندوویی دەکەین و دەوەستین، بەهجەت توانیویەتی ئەم ریکۆردە ئەستەمە بشکێنێت. ئەمە نیشانەی تەنیا توانای جەستەیی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بەڵگەی بەهێزیی مێشک و ئیرادەی نەبەزیویەتی.
دەستکەوتی سەرەکی بەهجەت، راکردنی 1200 کیلۆمەترە لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە تاوەکو شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لە ماوەی 10 رۆژدا. ئەمە تەنیا مەودایەکی دوورودرێژ نییە، بەڵکو گەشتێکە بەنێو چەندین جوگرافیا و دابونەریتی جیاوازدا، کە بەهجەت بە پێیەکانی خۆی بڕیویەتی. دەڵێت "زۆرتریش لە دەرەوە رادەکەم، یانی بە هەر چوار وەرزی ساڵەکەش لە دەرەوە رادەکەم".
بەهجەت حەسەن تیشک دەخاتە سەر سێ پایە سەرەکییەکەی ئەم یارییە:
1. مەشقی دەروونی (مێنتاڵ ترەینینگ): ئەمە گرنگترین بەشە. "یەکەم شت مێنتاڵە... مێشکی مرۆڤ زۆر بەرگری دەکات لەوەی کە خۆی بە خۆی دەڵێت من تەمبەڵم ناتوانم". ئەو باس لە تاقیکردنەوەیەکی سەیر دەکات کە 24 کاژێر لە ژوورێکی 6 مەتریدا سووڕاوەتەوە بۆ ئەوەی توانای مێشکی خۆی تاقیبکاتەوە، نهێنییەکەی لە وشەیەکدا کورت دەکاتەوە: "تەمبەڵیم لە لەشی خۆمدا کوشت."
2. سیستمی خۆراکی تایبەت: لە کاتی راکردنی دوورودرێژدا، جەستە وزەیەکی بێئەنداز دەسووتێنێت، رۆژانە 20 هەزار کالۆری دەسووتێنێت، بۆیە خواردنێکی تایبەتی هەیە کە پێکدێت لە خورما، مۆز و چەندین جۆری دیکەی خۆراک کە وزەی پێویستی پێدەبەخشن، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و وردە وردە دەیانخوات.
3. توانای جەستەیی و شێوازی راکردن (کۆندیشین): دەبێت سەرەتا بە هێواشی دەست پێ بکەیت و شێوازی راکردن و هەنگاونان گرنگە، سێ شێوازی سەرەکیی راکردن هەیە، بەهجەت شێوازی نێوەڕاستی پێی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی وزە و کەمکردنەوەی فشار لەسەر قاچەکان.
سەرباری ئەو هەموو فشارەی لەسەر جەستەی دروستی دەکات، بەهجەت ساڵانە پشکنینی پزیشکی ورد دەکات، پزیشکەکانی سەرسام دەبن بە تەندروستی باشی و هیچ کێشەیەکی جەستەیی نییە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر رژێمی راهێنانی دروست و پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی تەندروستی. "لە 20 ساڵی رابردوودا لەوانەیە سێ جار نەخۆش کەوتوومە، یەکێکیان کۆرۆنا بوو."
سەبارەت بە ئاواتەکانی بەهجەت دەڵێت"گەورەترین ئاواتی من ئەوەیە بە راکردن بگەڕێمەوە کوردستان، دوای 25 ساڵ دابڕان، نامەوێت بە فڕۆکە یان ئۆتۆمبێل بگەڕێمەوە، بەڵکو دەمەوێت بە پێیەکانی خۆم بگەمەوە وڵات. ئەمەش وەک وەفایەک بۆ خاکەکەم و خۆشەویستیی بۆ وەرزشەکەم".
ئامانجەکانی بەهجەت تەنیا لەسەر شکاندنی ریکۆردەکان و گەشتی نێوان وڵاتان ناوەستێت، ئەو سێ پرۆژەی گەورەی خێرخوازی لەپێشە، بەتایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان. دەیەوێت لە هەولێر یان سلێمانی، سێ یان چوار شەو و رۆژ بە بەردەوامی رابکات، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و داهات بۆ نەخۆشخانەی هیوا و منداڵانی بێ دایک و باوکی شەهیدان.