هەزاران کەس لە دژی پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەر لە ئەڵمانیا خۆپێشاندان دەکەن
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆ، بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات و سەرنجی لەسەر ناردنەوەی کۆچبەرانە. ئەوان هەروەها داوا دەکەن لە یەکێتیی ئەورووپا بێنە دەرەوە. هەزاران خۆپیشاندەر لە دژی پارتەکە رژانە سەر شەقام و لەگەڵ پۆلیس پێکدادان دروستبوو.
رۆژی پێنجشەممە 16-01-2025 پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە، لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی مانگی شوبات، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد.
بانگەشەکە لە هۆڵی فێستیڤاڵەکانی شاری هامبۆرگ بەڕێوەچوو؛ ئالیس وایدل، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بەشداری کرد و ناڕەزایەتییەکی زۆری خۆپیشاندەرانی بەدوا هات.
ئالیس بەربژێری پارتەکەیەتی بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا. هێزێکی زۆری پۆلیس لە کۆڵانەکانی دەورووبەری هۆڵەکەی هامبۆرگ بڵاوەیان پێکرا، نزیکەی 17 هەزار و 500 خۆپیشاندەر کە لە دژی پارتەکەن رژانە سەر شەقامەکان.
پیتەر شێنشەر، سەرۆک شارەوانیی هامبۆرگ گوتی: "چەند میوانێکی بانگێشتنەکراو هاتوون." مەبەستی شێنشەر بەربژێرەکەی پارتی جێگرەوە بوو.
رۆژی 12-01-2025 پارتی AfD رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی 23ـی شوبات، وایدل بەربژێری پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیایە. وایدل دژی کۆچبەرانە و پێیوایە ئەوان بۆ سەر ئاسایشی وڵات مەترسین. کێشەی پارتەکە ئەوەیە، بەهۆی ئەوەی پارتەکانی دیکە رەتیانکردووەتەوە کار لەگەڵ پارتی جێگرەوە بکەن، بۆیە ئەگەری بوونە راوێژکاری خانمە بەربژێرەکەی پارتی AfD لاوازە.
دیموکراتخوازەکانی ئەڵمانیا دەڵێن، نابێت پارتی جێگرەوە دەنگ بەدەستبهێنن. پارتی جێگرەوەش هەموو سەرەنجەکەی لەسەر کۆچبەرانە و دەڵێن، دەبێت هەموویان بچنە دەرەوە و داواش دەکەن ئەڵمانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بێتە دەرەوە.
کۆمەڵەی (هاوپەیمانێتیی هامبۆرگ لە دژی راستڕۆکان) کە خۆپیشاندانەکەی رێکخست، داوای لە هەموو دانیشتووانی شارەکە کرد بڕۆنە سەر شەقامەکان.
لە بانگەشەکەی پارتی جێگرەوە نزیکەی 850 میوان ئامادەبوون و وێیدێل لەگەڵ گەیشتنی، بەنیازە لە ژێر تەوەری (خستنەوە سەر رێڕەوی هامبۆرگ و ئەڵمانیا) گوتارێک بدات.
لە دەرەوەی هۆڵەکە خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیس پێکیان دادا، پۆلیس ناچار بوو بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێبکات.
خۆپیشاندەران درووشمی "هەموو هامبۆرگ رقی لە AfDـیە"ـیان دەگوتەوە.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، لە نێو هۆڵی بانگەشەکەدا بوو و گوتی: "35 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم، هەرگیز نەترساوم؛ بەڵام ئەمشەو لەگەڵ قسەی ئەندامانی پارتی جێگرەوە هەستم بە ترس کرد."
بڕیارە رۆژی 23ـی شوباتی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بکرێت، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 27ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ئەو رۆژەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە دوای ئەوە هات، کە هەفتەیەک پێشتر، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا شکستی هێنا لەوەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە.
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی پار، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی (پارتی سۆشیال دیموکرات) لە بەرلین بڕیاری دوورخستنەوەی کریستیان لیندنە، وەزیری دارایی دا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی میانڕۆی راستڕۆیە، ئەوەش کاردانەوەی پارتەکەی بەدواداهات.
میدیای ئەڵمانیا هۆکاری لەکارلادانی وەزیرەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە داوای ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پلانی بودجەی 2025 دا کرد. ئەوەش لەلایەن دوو پێکهێنەرەکەی دیکەی حکومەتەوە کە پارتی سۆشیال دیموکرات و سەوزەکانن، رەتکرابووەوە.
دوای بڕیارەکە، لیندنە گوتی: "ئۆلاف شۆڵتز شکستی هێناوە لە دانانی پلانێکی ئابووریی پێویست بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان. ئەو هەموو کات نیگەرانییە ئابوورییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە. ئێستاش گومان لەسەر ژمارەیەک بڕیار دروستدەکات کە وادەکات خەڵک شانازی بە ئەڵمانیا بکاتەوە."
رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2025، پارتی جێگرە بۆ ئەڵمانیا بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەرێمی زاکسۆنی دەستپێکرد. زانکسۆنی بە یەکێک لەو هەرێمانە دادەندرێت کە پارتە راستڕۆکە زۆرترین دەنگدەری تێدا هەیە.
وایدل وەکو رەخنە و هێرشکردنەسەر پێکهێنەرانی حکومەتی پێشووی وڵاتەکە رایگەیاند، "پلانمان بۆ داهاتووی ئەڵمانیا هەیە کە لە 100 رۆژی یەکەمی گرتنەدەستی حکومەتەوە جێبەجێی دەکەین. دەمانەوێت سنوورەکان بەتەواوەتی دابخەین و هەموو کۆچبەرێکی نایاسایی و بێ بەڵگەنامە رەتدەکەینەوە." گوتیشی، "نامەیەکی زۆر روون بۆ جیهان: سنوورەکانی ئەڵمانیا دادەخرێن".
وایدل جەختی لەوەش کردەوە، هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ کۆچبەران رادەگرن و دەیاننێرنەوە وڵاتەکانیان تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت.
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە یەکلاکەرەوەکانی ئەڵمانیا. بە گوێرەی دوایین راپرسی میدیای ئەو وڵاتە، 73٪ی هاووڵاتییانیان پاڵپشتی تووندکردنی سنوورەکان دژی کۆچبەران دەکەن و 71یشیان پاڵپشتی دیپۆرتکردنەوەیان دەکەن.