دۆناڵد ترەمپ دروستکردنی بۆردێکی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆردێکیان بۆ بەڕێوەبردنی غەززە وەکو بەشێک لە ئاگربەستی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دروستکرد.
 
رۆژی هەینی، 16ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، ''بە شانازییەکی مەزنەوە رایدەگەیێنم کە بۆردی ئاشتیمان دروستکرد''. دەشڵێت، ''دوای ماوەیەکی کەم ئەندامانی بۆردەکە رادەگەیێنرێن''.
 
راگەیاندنی دروستکردنی بۆردەکە بەشێکە لە قۆناخی دووەمی ئاگربەستی جەنگی غەززە، کە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و 10ی تشرینی یەکەمی 2025 کۆتاییهات.
 
هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، وەک ئەوەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاندووە، ئەوان بە فەرمی چوونەتە نێو قۆناخی دووەمی "پلانی ئاشتیی 20 خاڵی بۆ غەززە".
 
ترەمپ گوتی: "لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، تیمەکەم هاوکار بوون لە گەیاندنی ئاستێکی پێوانەیی لە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، کە بە خێرایی و قەبارەیەکی مێژوویی گەیشتووەتە دەست هاووڵاتییانی سڤیل؛ تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی بەوەدا ناوە کە ئەم دەستکەوتە بێ وێنە بووە. ئەم ئەنجامانەش زەوینەیان بۆ ئەم قۆناخە نوێیە خۆش کردووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەو وەک سەرۆکی "بۆردی ئاشتی"، پشتگیری لە حکومەتێکی تەکنۆکراتی نوێی فەڵەستینی دەکات بە ناوی "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە"، کە لە لایەن نوێنەری باڵای بۆردەکەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لە قۆناخی راگواستندا. گوتیشی: "ئەم سەرکردە فەڵەستینییانە بەبێ دوودڵی پابەندن بە داهاتوویەکی ئاشتییانە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە بە پشتیوانی وڵاتانی میسر، تورکیا و قەتەر، رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ داماڵینی چەک لە حەماس دەکەن، کە رادەستکردنی تەواوی چەکەکان و تێکدانی هەموو تونێلەکان دەگرێتەوە.
 
ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حەماس کرد و گوتی: "پێویستە حەماس دەستبەجێ پابەندی بەڵێنەکانی بێت، لەوانەش گەڕاندنەوەی دوایین تەرم بۆ ئیسرائیل و بێ دواکەوتن بەرەو چەکداماڵینی تەواوەتی هەنگاو بنێت. وەک پێشتریش گوتوومە، دەتوانن بە رێگەی ئاسان یان بە رێگەی قورس ئەمە بکەن. خەڵکی غەززە ماوەیەکی زۆرە دەناڵێنن و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە."