مارک ساڤایا: بە چەند دۆسیەیەکەوە دەچمە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆشکی سپی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی "گرنگ"ی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسی دژەتیرۆری وڵاتەکەی کردووە و "نەخشەڕێگەیەک"یان بۆ قۆناخی داهاتووی عێراق داڕشتووە، دەشڵێت: "لەگەڵ بڕیاربەدەستانی بەغدا کار لەسەر ئەو دۆسیانە دەکەین."
رۆژی هەینی، 16-01-2026، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ پێت هێگزس، وەزیری جەنگ و د. سەباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە، بکرێنە ئەجێندای سەرەکیی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ عێراق.
مارک ساڤایا دەڵێت: "لەوێ [لە عێراق] لەگەڵ بڕیاربەدەستە پەیوەندیدارەکاندا کۆدەبمەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا."
ساڤایا کە لە 19ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستبەکار بووە، پێشتر چەند جارێک جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەمزووانە سەردانی بەغدا دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند پرسێک.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لەو سەردانەدا ساڤایا کار لەسەر چوار دۆسیەی هەستیار دەکات کە ئیدارەی ئەمریکا بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانێت، ئەوانیش، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق، نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران، ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە سیستەمی دارایی و رێکخستنەوەی کەرتی بانکیی عێراق.