رووسیا: داوای وڵاتانی ئەورووپا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەرێنییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، داوای بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ مۆسکۆ بە هەنگاوێکی "ئەرێنی" دەبینن، ئەمەش دوای ئەوە دێت سەرکردەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا داوای دروستکردنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ رووسیا کرد.
رۆژی هەینی 16-01-2026 دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، "تێبینیی ئەو لێدوانانەمان کردووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە ئەورووپییەکانەوە دراون."
پیسکۆڤ گوتیشی، "ئەگەر ئەمە بەڕاستی رەنگدانەوەی دیدگای ستراتیژیی ئەورووپییەکان بێت، ئەوا پەرەسەندنێکی ئەرێنییە لە هەڵوێستیاندا."
گوتەبێژەکەی کرێملین ئاماژەی بەوەش کرد، لە پاریس، رۆما و تەنانەت بەرلینیش پاڵپشتی بۆ ئەو بیرۆکەیە هەیە کە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە ئەورووپا، "پێویستە قسە لەگەڵ رووسەکان بکرێت"، ئەوەش بەتەواوی لەگەڵ هەڵوێستی مۆسکۆ دەگونجێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لەم مانگەدا رایانگەیاندبوو، لەگەڵ دروستکردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ مۆسکۆ.
میلۆنی لە سەرەتای ئەم مانگەدا گوتبووی، "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ئەورووپا قسە لەگەڵ رووسیا بکات". هەروەها ماکرۆن پێیوابوو "بەسوود" دەبێت ئەورووپا دووبارە پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دروستبکاتەوە.
دیالۆگی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و رووسیا بەفەرمی راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 مۆسکۆ هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و یەکێتییەکە گەماڕۆی ئابووری خستە سەر رووسیا.