ترشیی ئاوی دەریاکان هەڕەشە لە ددانە بەهێزەکانی قرش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
قرشەکان بە دڕندەترین راوچییەکانی ناو دەریا دەناسرێن و مانەوەیان بەندە بەو ددانە بەهێزانەی کە لە ژیانیاندا بەردەوام گەشە دەکەنەوە؛ بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی زاناکانی ئەڵمانیا نیشانی دەدات، گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی ناو ئاوی دەریا، دەبنە هۆی لاوازکردنی ئەم چەکە کوشندانەی قرش.
ماکسیمیلیان باوم، زانای زیندەوەرە دەریاییەکان لە زانکۆی (هاینریش هاینێ) لە دوسڵدۆرف، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ددانی گیاندارە و دەڵێت، "هەموو قرشێک ددانی زۆر تایبەتی هەیە و هەمیشە بە تەواوەتی لەگەڵ ئەو نێچیرەدا دەگونجێت کە ئەو جۆرە قرشە راوی دەکات."
کاریگەریی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و داخورانی ددان
زاناکان پەیوەندییەکیان لە نێوان چالاکییە مرۆییەکان و زیادبوونی ترشیی ئاوی دەریا دۆزیوەتەوە. کاتێک گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ناو ئاوی دەریادا دەتوێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی ترشەڵۆک.
باوم روونی دەکاتەوە، "ئێمە هەوڵماندا بزانین ئایا هیچ کاریگەرییەک بەهۆی ترشبوونی ئاوەوە هەیە؛ دەریاکانمان زیاتر ترش دەبن، چونکە (CO2) لە ناو ئاوی دەریادا دەتوێتەوە و دەبێتە ترشەڵۆک."
ئەو زانایە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ترشەڵۆکە پێکهاتەی ددانی قرشەکان تووشی داخوران دەکات و دەڵێت، "ئەوەی بۆمان دەرکەوت ئەوەیە کە کاریگەریی داخوران لەسەر ددانی قرش هەیە؛ دەتوانین لەرێگەی هاوشێوەکردنی ترشیی ئاوەوە، درز، کون و تێکچوونی رەگی ددانەکان ببینین."
مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ژینگەیی
زاناکان لە توێژینەوەکەیاندا زیاتر لە 600 ددانی قرشیان لە ناو ئاوێکدا تاقیکردەوە کە رێژەی ترشییەکەی هاوشێوەی ئەو پێشبینییەیە کە بۆ ساڵی 2300 کراوە.
باوم هۆشداری دەدات، ئەگەر ددانەکانی قرش کاراییان نەمێنێت، پێگەیان لە لووتکەی زنجیرەی خۆراک دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەو دەڵێت، "راوی بێشومار، پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی جیهان گوشار لەسەر قرشەکان دروست دەکەن. ئەگەر ددانەکانیشیان کاراییان کەم بێتەوە، تەواوی سەرکەوتنی ژینگەیی و دەسەڵاتیان لە ناو دەریاکاندا وەک فەرمانڕەوای پێکهاتەکانی دیکە، دەکەوێتە مەترسییەوە."
ئایا قرشەکان دەتوانن خۆیان بگونجێنن؟
لەلایەکی دیکەوە، نیک ویتنی، زانای باڵا لە ئەکواریومی نیوئینگلاند، ئاماژە بە مێژووی دوورودرێژی قرشەکان دەکات و دەڵێت، "قرشەکان زیاتر لە 400 ملیۆن ساڵە بوونیان هەیە و گەشەیان کردووە و خۆیان لەگەڵ هەموو جۆرە گۆڕانکارییەک گونجاندووە. بۆیە رەنگە بتوانن لەگەڵ ئەمەشدا خۆیان بگونجێنن." ویتنی روونی دەکاتەوە، ددانی قرش چونکە لە ناو گۆشتی چەناگەدا دروست دەبێت، بۆ ماوەیەک دەپارێزرێت و "تەنیا بۆ چەند هەفتەیەک بەر ئاوی دەریا دەکەون."
ویتنی جەخت دەکاتەوە، مەترسیی ترشیی ئاو بۆ سەر زیندەوەرانی دیکە زۆر گەورەترە و دەڵێت، "کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەسەر هەر شتێکە کە هەوڵ دەدات قاوخی رەق دروست بکات، وەک مەرجانەکان، لوولپێج (شەیتانۆکە) یان قڕژاڵەکان؛ ئەوان بە راستی بەدەست کەمیی (pH)ـی ئاوی دەریاوە دەناڵێنن."
بەپێی ئاماری یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، زیاتر لە یەک لەسەر سێی جۆرەکانی قرش رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە، گۆڕانی کیمیایی دەریاکان دەبێتە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ئەو مەترسییە.