نەتەوە یەکگرتووەکان: 55 ملیۆن کەس لە ئەفریقا لە مەترسیی برسێتییەکی توونددان


رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، ئەم ساڵ نزیکەی 55 ملیۆن کەس لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئەفریقا بە سەختی رووبەڕووی نەبوونیی خۆراک دەبنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە ویلایەتی بۆرنۆی نایجیریا خەڵک خەریکە لە برسان دەمرن.
 
ژان مارتن باوەر، بەڕێوەبەری شیکاریی ئاسایشی خۆراک لە بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP)، لە جنێڤ بە روژنامەڤانانی راگەیاند: "لە وەرزی داهاتوودا، لە نێوان حوزەیران تاوەکو ئابی 2026، ژمارەیەکی سەرسووڕهێنەر کە دەگاتە 55 ملیۆن کەس، رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە."
 
بەپێی گوتەی باوەر، 15,000 کەس لە ناوچە دیاریکراوەکانی ویلایەتی بۆرنۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا گەیشتوونەتە قۆناخی "کارەسات" لە برسێتییدا، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئەو ئاستە تۆمار بکرێت. باوەر گوتی: "ئەم گروپە تەنیا یەک هەنگاو لە قاتوقڕی دوورن؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە خەڵک لە برسان گیان لەدەست دەدەن."
 
بەرنامەی جیهانیی خۆراک ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە "دۆخی باری لەناکاو"دان، لە ساڵی 2020ـەوە دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 3 ملیۆن کەس.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، تووندوتیژی لە سەرانسەری ناوچەکەدا قەیرانی برسێتیی لێکەوتووەتەوە، دۆخەکەش بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکان زیاتر خراپ بووە. رێکخراوەکە رایگەیاندووە، بەهۆی وشکبوونی سەرچاوە داراییەکان و نەبوونی بودجە، ناچار بوون هاوکارییە خۆراکییەکانیان لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە.
 
یەکێک لەو ناوچانەی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی ویلایەتی بۆرنۆ لە نایجیریایە، کە چەقی یاخیبوونی گرووپە جیهادییەکانە لە ساڵی 2009ـەوە شەڕ و پێکدادان لەنێووخۆی وڵاتەکە دەستیپێکردووە. ئەم ململانێیە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40,000 کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 2 ملیۆن کەسی دیکە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، هەروەها کاریگەرییەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێش پەرەی سەندووە. 
 
ئێستا بەهۆی تێکچوونی ئاسایش و نەمانی هاوکارییەکان، ملیۆنان کەس لە مەترسیی لەناوچووندان بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە.