ئەحمەد شەرع دەچێتە بەرلین؛ کورد و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانن

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بگاتە بەرلین. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی پرسی ناردنەوەی پەنابەرانی سووریایە بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش نیگەرانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردیی لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی هەینی 16-01-2026 نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیارە شەرع لەگەڵ فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا کۆببێتەوە. هاوکات تاوەکو ئێستا نووسینگەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بە فەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە ئایا لە چوارچێوەی سەردانەکەدا لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە یان نا.
 
تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی شەرع بۆ بەرلین، پرسی گەڕاندنەوەی ئەو نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتییە سوورییە دەبێت کە لە ساڵانی رابردوودا وەکو پەنابەر روویان لە ئەڵمانیا کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووری چڕ کردووەتەوە.
 
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا و لەژێر گوشاری زیادبوونی دەنگەکانی پارتی راستڕەوی تووندڕەو (AfD) لە پرسی کۆچدا، رایگەیاندبوو، "هیچ هۆکارێکی یاسایی نەماوە بۆ ئەوەی ئەو سووریانەی لە شەڕ هەڵاتوون، بەردەوام بن لە داواکردنی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردبووەوە، "بۆ ئەو کەسانەی رەتیدەکەنەوە بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بێگومان دەتوانین بە زۆر بیاننێرینەوە."
 
ئەحمەد شەرع، دوای لەسەرکارلادانی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، چەندین گەشتی دیپلۆماسیی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. بەهۆی سەردانەکانی بۆ ئەمریکا و فەرەنسا، بەشێک لەو سزا نێودەوڵەتییانەی بەهۆی شەڕی نێوخۆوە بەسەر سووریادا سەپێندرابوون، هەڵگیران.
 
سەردانەکەی شەرع ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. چەندین رێکخراوی ناحکومی، لەنێویاندا نوێنەرانی کۆمەڵگەی کورد و عەلەوییەکانی سووریا لە ئەڵمانیا، داوایان لە حکومەتی بەرلین کردووە سەردانەکە هەڵبوەشێنێتەوە و بە "هەنگاوێکی تەواو قبووڵنەکراو" وەسفیان کردووە.
 
ئەو رێکخراوانە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "دۆخی سووریا هێشتا دراماتیکە. خەڵکی سڤیل تەنیا لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی یان ئایینییان رووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە."
 
کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا، پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمدا سکاڵایەکی یاسایی لەلای داواکاری گشتیی ئەڵمانیا تۆمارکرد و ئەحمەد شەرعی بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ، جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" تۆمەتبار کرد.
 
لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2011ـەوە، پەنابەرێکی سووری تۆمەتبارکراو بە تاوانی ناردەوە بۆ دیمەشق، ئەوەش نیگەرانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لەناو حکومەتی ئەڵمانیایشدا بۆچوونی جیاواز هەیە. یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە گەشتێکیدا بۆ دیمەشق رایگەیاندبوو، ئەگەری گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری "زۆر سنووردارە"، چونکە شەڕ زۆربەی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی وڵاتەکەی وێران کردووە.