کرێملین: پووتین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو و پزیشکیان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆککۆماری ئێرانەوە کردووە و پێشنیازی نێوەندگیریی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان خستووەتەڕوو.
 
رۆژی هەینی 16-01-2026 دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە مۆسکۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کرێملین، پووتین لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە "ئامادەیی رووسیا بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی نێوەندگیری" کردووەتەوە.
 
پیسکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ "بەمنزیکانە وردەکاریی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاودەکاتەوە". گوتەبێژەکەی کرێملین دەڵێت، پووتین بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کارئاسانی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ.
 
مۆسکۆ بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران دادەنرێت و هاوکات هەوڵیشیداوە پەیوەندیی باش لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزێت، هەرچەندە بەهۆی رەخنەکانی رووسیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە لەدوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئیسرائیل ساردییان تێکەوتووە.
 
هەوڵەکانی مۆسکۆ لەکاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، هیوادارە ئێران بەم نزیکانە لە "رژێمی ستەمکار" رزگاری بێت. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران چەندینجار ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە هاندانی ئاژاوەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکگرتوویی نیشتمانیی وڵاتەکەیان تۆمەتبار کردووە.
 
لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە، خۆپێشاندان لە تاران دەستیپێکرد و دواتر زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، لە خۆپێشاندانەکاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و 10 هەزار کەسی دیکەش دەستگیرکراون.