ناسا: ساڵی 2032 بە ئەگەری 1.6٪ بەردێک بە زەوی دەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ناسا دەڵێت، بەردێکی ئاسمانی بەرەو زەوی بەڕێوەیە و ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە لە 22-12-2032 بەر هەسارەکەمان بکەوێت. ناسا دەڵێت، ئەگەری بەرکەوتنی بەردەکە بە زەوی 1.6٪ـیە.
زانایانی ئاژانسە ئەمریکییەکە و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپی چاودێری بەردەکە دەکەن. تیرەی بەردەکە لەنێوان 40 بۆ 90 مەتردایە.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپی ئاماژە بەوە دەکات، هەر چەند هەزار ساڵێک، بەردێکی لەم جۆرە بەر زەوی دەکەوێت و "زیانی گەورە" بەو ناوچەیە دەگەیێنێت کە بەری دەکەوێت.
ئێستا تەنەکە لە ریزبەندی یەکەمی لیستی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپی بۆ مەترسیدارترین بەردەکاندایە، کە مەترسی دەکرێت بەر زەوی بکەون.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، گەردوونناسانی ئاژانسەکە "بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپ لە سەرانسەری جیهان چاودێریی بەردەکە دەکەن و داتای نوێ بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی لە قەبارەی بەردەکە و ئاراستەکەی تێبگەن."
بەردەکە یەکەمین جار کانوونی یەکەمی پار لە لایەن گەردوونناسانەوە لە چیلی بە تەلەسکۆپی پێشكەوتوو بینراوە. بەردەکە ناونراوە (2024 YR4).
زانایانی ناسا بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی جەیمس وێب چاودێریی بەردەکە دەکەن.
گەردوونناسان دەیانەوێت بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بەردەکە بۆ ئەوەی خۆیان لە لێکدانەوەی هەڵە بۆ مەترسیی بەریەککەوتنی لەگەڵ زەوی بەدوور بگرن.
بەردەکە یەکەم جار لە 27-12-2024 بینرابوو. چەند مانگێکی دیکە وندەبێتەوە و تاوەکو ساڵی 2028 لە زەوییەوە نابینرێتەوە.
ئەگەر لە ساڵی 2032 بەر زەوی نەکەوێت، بە واتەی ئەوە دێت کە هەسارەکەمان لە مەترسییەکە رزگاری بووە و ئیدی بەردەکە بەلایدا تێناپەڕێتەوە.