ئەڵمانیا کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی دژی کۆچبەران بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکە کۆنتڕۆڵە کاتییەکانی سەر سنوورەکانی بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی "سیاسەتێکی کارای کۆچبەری لە ئەورووپا" بە پێویست دەزانێت.
 
رۆژی دووشەممە، 16ی شوباتی 2026، لیۆنارد کامینیسکی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو پشکنینە کتوپڕانەی لە ئەیلوولی 2024ـەوە دەستیان پێکردووە، تاوەکو نێوەڕاستی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر دوو جار درێژکرابوونەوە.
 
کامینیسکی گوتی: "دەسەڵاتە ناوخۆییەکان هێشتا لەژێر گوشارێکی زۆردان. پێویستە لێرەدا کاری زیاتر بکەین تا دەگەینە بارودۆخێک کە بۆ وڵاتەکەمان و کۆمەڵگاکەمان گونجاو بێت."
 
بەپێی رێککەوتننامەی شنگن کە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئەورووپا واژۆیانکردووە، دەبێت پشکنینی سنوورەکان نەمێنن، تەنهیا لە هەندێک حاڵەتی نائاساییدا نەبێت. بەڵام ئەڵمانیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دراوسێی وەک پۆڵەندا و نەمسا، پشکنینەکانیان دەستپێکردووەتەوە و هۆکارەکەیان بۆ مەترسی کۆچی 'بێسەروبەر' بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات گەڕاندووەتەوە.
 
حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئۆلاف شۆڵتز، دوای زنجیرەیەک هێرشی کوشندە لەلایەن هاووڵاتییانی بیانییەوە کە ئەڵمانیای هەژاند، دەستی بەم پشکنینانە کرد.
 
لەو کاتەوەی فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە مانگی ئایاردا دەسەڵاتی گرتە دەست، هاوپەیمانییەکەی پۆلیسی زیاتری لەسەر سنوورەکان بڵاوکردووەتەوە بە مەبەستی رێگری لە ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران.
 
کامینیسکی دەڵێت، "چاکسازی لە سیاسەتی کۆچبەران دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە کۆتایی رێگاکە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراوتان پێ بدەم دەربارەی کەمبوونەوەی کۆچبەران، بەڵام بە سادەیی، پێویستە لە سیاسەتی کۆچبەراندا جۆرێک لە رێکوپێکی هەبێت."
 
لە مانگی کانوونی یەکەمدا، مێرتس گوتی، چاوەڕوان دەکات ئەم رێکارانە کۆتاییان بێت کاتێک یەکێتی ئەورووپا بە شێوەیەکی هاوبەش کار دەکات بۆ پاراستنی باشتر و چاودێریکردنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتییەکە.
 
دادگای وڵاتەکە لە مانگی حوزەیراندا حکومەتی بە شکاندنی یاسا تۆمەتبار کرد کاتێک سێ پەنابەری سۆماڵیی بۆ پۆڵەندا ناردەوە بێ ئەوەی داواکارییەکانیان وەربگرێت، بەڵام ئەڵمانیا لە پشکنینەکان پاشەکشەی نەکرد.
 
کامینیسکی ئاماژەی بەوە کرد، لە نێوان نێوەڕاستی ئەیلوولی ساڵی رابردوو تاوەکو کۆتایی مانگی یەک، نزیکەی 50 هەزار کەس بەهۆی ئەم پشکنینانەوە گەڕێندراونەتەوە.
 
مێرتس لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، رێکاری تووندی بەرامبەر کۆچبەران گرتووەتە بەر، لەوانە جێبەجێکردنی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان، دیپۆرتکردنەوەی هەندێک لە تاوانباران بۆ ئەفغانستان و قورسکردنی هێنانەوەی ئەندامانی خێزانی پەنابەران بۆ ناو ئەڵمانیا.
 
لە ئێستادا پارتی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا" کە دژی کۆچبەرانە، لە زۆربەی راپرسییەکاندا لەگەڵ پارتی یەکێتی کریستیان دیموکراتیی مێرتس لە یەک ئاستدایە.