ئەمریکا بۆ یەکەمجار کورەیەکی ئەتۆمی بە فڕۆکە گواستەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، وەزارەتەکانی وزە و بەرگریی ئەمریکا کورەیەکی ئەتۆمیی بچووککراوەیان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازییەوە گواستەوە؛ ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ نیشاندانی توانای واشنتن لە بڵاوەپێکردنی خێرای وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی سەربازی و مەدەنی.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، هەردوو وەزارەتی وزە و بەرگریی ئەمریکا بە هاوکاریی کۆمپانیای "فالار ئەتۆمیکس"ی کالیفۆرنی، کورەیەکی ئەتۆمیی جۆری "وۆرد"یان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری "C-17"ـەوە بۆ بنکەی ئاسمانیی "هێڵ" لە ویلایەتی یوتا گواستەوە.
مایکڵ دافی، بریکاری وەزارەتی بەرگری بۆ کاروباری کڕین و پشتگیری لۆجیستی، ئەم هەنگاوەی بە "دەستکەوتێکی گەورە" بۆ توانای گواستنەوەی سەربازیی وڵاتەکەی ناوبرد و رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە لە بڵاوەپێکردنی وزەی ئەتۆمی لە کات و شوێنی گونجاودا نزیکمان دەکاتەوە، تاوەکو بتوانین پێداویستییەکانی جەنگ بۆ سەربازانمان دابین بکەین و ئامرازی پێویست بۆ سەرکەوتنیان لە مەیدانی جەنگدا فەراهەم بکەین".
هاوکات، ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ پەرەپێدانی کورە ئەتۆمییە بچووکەکان وەک ستراتیژییەک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە لە ئەمریکا دەبینێت. ترهمپ لە ئایاری ساڵی رابردوودا چوار فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمیی نێوخۆیی واژۆ کردبوو.
سەبارەت بە توانای کورەکە، ئایزایا تەیلۆر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فالار ئاماژەی بەوە کرد، قەبارەی کورەکە کەمێک لە پاسێکی بچووک گەورەترە و توانای هەیە کارەبا بۆ پێنج هەزار ماڵ دابین بکات.
پەرەپێدانی کورە ئەتۆمییە بچووکەکان (SMR) لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتە زلهێزەکان، چونکە بەراورد بە وێستگە گەورەکان تێچوویان کەمترە و مەترسییەکانیان سنووردارترە.
ئەمریکا لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە وزەی ئەتۆمی بۆ ژێر دەریایی و کەشتییە جەنگییەکانی بەکارهێناوە، بەڵام گواستنەوەی کورەیەکی ئامادەکراو لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ بنکە زەمینییەکان، وەک "وەرچەرخانێکی لۆجیستی" لە مێژووی سەربازیی ئەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێت.
ئیدارەی نوێی واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم تەکنەلۆژیایەوە ئەمریکا لە پێشەنگی کێبڕکێی وزە و تەکنەلۆژیای جیهانیدا بهێڵێتەوە. کۆمپانیای "فالار"یش هیوادارە لە ساڵی 2027ـدا بە شێوەیەکی تاقیکاری کارەبای بەرهەمهاتوو لەو کورانە بفرۆشێت و لە ساڵی 2028ـدا پڕۆژەکە بەتەواوی بە بازرگانی بکات.