کەنەدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی: لە سنوورەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و سووریا وریابن

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کەنەدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە کاتی گەشتکردن بۆ ئوردن "ئاستێکی بەرزی وریایی" بنوێنن؛ ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکە و ئەگەری خۆپێشاندان.
 
دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، حکومەتی کەنەدا رێنمایی نوێی لەبارەی گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ ئوردن بڵاوکردەوە. بەگوێرەی رێنماییەکان، بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر، گرژییەکانی ناوچەکە، تووندوتیژیی سەر سنوور و تاوانکاری، داوا لە کەنەدییەکان کراوە خۆیان لە هەموو جۆرە گەشتێک بۆ ناوچە سنوورییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و سووریا بەدوور بگرن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەکەونە مەودای پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی چالاکییە سەربازییەکان و نەبوونی بنکەی فریاکەوتن، گەشت بۆ هەموو ئەو ناوچانە قەدەخەیە کە دەکەونە رۆژهەڵاتی شاری "رووەیشد"، لەوانەش رێگەی سەرەکیی ژمارە 10 کە بەرەو عێراق دەچێت.
 
حکومەتی کەنەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆخی ئەمنیی ئەو کەمپانەی ئاوارە سوورییەکانیان تێدایە جێگیر نییە، بۆیە داوا دەکات هاووڵاتییانی گەشت بۆ کەمپەکانی "زەعتەری" و "ئەزرەق" نەکەن مەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست بێت، ئەوەش دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمیی حکومەتی ئوردن.
 
سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە، ئۆتاوا چەند خاڵێکی بۆ هاووڵاتییانی روون کردووەتەوە:
 
دۆخی سنوورەکان: بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ئیسرائیل و فەلەستین، رەنگە دەروازە سنوورییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابخرێن یان کاتی کارکردنیان کەم بکرێتەوە.
 
فڕینی فڕۆکەکان: ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەنگە کتوپڕ زیادبن، ئەمەش ببێتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، هەڵوەشاندنەوەی فڕین یان داخستنی ئاسمانی وڵاتان.
 
مەترسیی سەر سنوور: لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریا ئەگەری پێکدادانی چەکداری هەیە؛ هێزە ئەمنییەکان رەنگە تەقە لە هەر کەس و ئۆتۆمبێلێک بکەن کە بە نایاسایی لەو سنوورانەوە بێنە ناو خاکی ئوردن.
 
ئەم هۆشدارییەی حکومەتی کەنەدا لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردووەتەوە و سەرەڕای دانوستاندن، مەترسی پێکدادان لە  نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە.