لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مەسەدۆنیای باکوور 59 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مەسەدۆنیای باکوور 59 کەس گیانیان لەدەستدا و 100ـی دیکەش برینداربوون.
 
میدیای فەرمیی مەسەدۆنیای باکوور ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە کۆنسێرتی یانەیەکی شەوانە کە نزیکەی هەزار و 500 کەس تێیدا کۆببوونەوە، ئاگرێک کەوتەوە و لە ئەنجامدا 59 کەس گیانیان لەدەستدا و 100ـی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی کۆچهانی روویداوە کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی سکۆپی پایتەختەوە دوورە.
 
ئاگرەکە کاژێر03:00 بەیانی بە کاتی مەسەدۆنیا و (05:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) کەوتووەتەوە.
 
پانس تۆسکۆڤسکی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی بەکارهێنانی یاری ئاگرین کەوتووەتەوە. 
 
تۆسکۆڤسکی دەڵێت، "دوای ئەوەی یاریە ئاگرینەکان بەکارهێندراون، بنمیچی یانەکە ئاگری گرتووە و زۆر بەخێرایی تەواوی یانەکەی گرتووەتەوە."
 
بەشێک لە بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە ساڵی 2021، بەهۆی ئاگر لە بنکەیەکی تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.