بەهۆی سووتانی یانەیەکی شەوانە لە مەسەدۆنیای باکوور 59 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە مەسەدۆنیای باکوور، بەهۆی یاریی ئاگرینەوە، بنمیچی یانەیەکی شەوانە گڕی گرت، شوێنەکە سووتا و 59 کەس گیانیان لەدەستدا.
دامودەزگە ئەمنییەکان دەڵێن، رووداوەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە کە لەسەر سەکۆی یانەکە دانرابوون و گڕیان لە تەواوی شوێنەکە بەرداوە.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار کەس دەرکراوە. هەروەها 155 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان، 18یان دۆخیان ناجێگیرە. ناوەندی قەیرانەکانی مەسەدۆنیای باکوور رایگەیاند، هەندێک لەوانەی برینیان سەختە، رەوانەی نەخۆشخانەکانی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دەکرێن.
ئاگرەکە لە یانەی "پالس" لە شارۆچکەی کۆچانی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کەوتەوە. شوێنەکە زیاتر لە هەزار کەسی تێدابووە کە زۆربەیان گەنج بوون، بۆ بەشداریکردن لە کۆنسێرتێکی دوو گۆرانیبێژی بەناوبانگی وڵاتەکە کۆببوونەوە.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئاگرەکە لە دەوروبەری کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نێوخۆ، واتە 4:30ی بەیانی بە کاتی هەولێر، کەوتووەتەوە.
گەنجێکی نێو کۆنسێرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، پریشکی ئەو یارییە ئاگرینیانەی لە سەر سەکۆکە بوون، بەر بنمیچی یانەکە کەوتن کە لە مادەیەکی پلاستیکی دروستکرابوو، لە ئەنجامدا گڕی گرت.
ئەو دەڵێت: "هەموومان رامانکردە دەرەوە، بەرەو یەک دەرگا رۆیشتین کە بۆ هاتن و چوون بەکاردەهێنرا."
ژنێکی گەنجیش لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەک لە سکۆپی پایتەخت چاوەڕێی زانینی دۆخی هاوڕێیەکی دەکرد کە بەهۆی سووتانەوە چارەسەری وەردەگرت. گوتی: "سەرەتا باوەڕمان نەدەکرد ئاگرێک هەبێت. پاشان ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەناو خەڵکەکەدا دروست بوو و لە کاتی هەوڵدان بۆ راکردنە دەرەوە، پاڵەپەستۆ دروستبوو و بەسەر یەکدا کەوتن."
پانچێ تۆشکۆڤسکی، وەزیری ناوخۆ کە لەگەڵ سەرۆک وەزیران هریستیان میکۆسکی سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد، گوتی: "ئەگەری هەیە ئاگرەکە بەهۆی ئامێرە پلاستیکییەکانەوە بووبێت کە بۆ کاریگەریی رووناکی لە کۆنسێرتەکەدا بەکارهێنراون."
تۆشکۆڤسکی گوتی: "پریشکەکان بەر بانەکە کەوتوون، کە لە ماددەیەکی دروستکرابوو کە زوو گڕ دەگرێت، دوای ئەوە ئاگرەکە بە خێرایی لە هەموو یانەکەدا بڵاوبووەوە و دووکەڵی چڕی دروستکرد."
وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار کەس بەهۆی ئەو کارەساتەوە راگەیاند و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.
کریستینا سیرافیۆڤسکا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆچانی، بە میدیاکانی راگەیاند: "بەداخەوە زۆربەی مردووەکان بەهۆی ئەو پێشێلکارییەی کە لە کاتی ترس و دڵەڕاوکێدا لە هەوڵی چوونە دەرەوەدا روویدا، زیانیان بەرکەوتووە."
گوتیشی: "70 لە نەخۆشەکان سووتاون و ژەهراوی بوون بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن."