فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئێران و داوای ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، داوای لێکردووە دەستبەجێ کۆتایی بە "هێرشە قبووڵنەکراوەکانی تاران بهێنرێت کە لە رێگەی گرووپە بریکارەکانیەوە لە ناوچەکە ئەنجامیان دەدات."
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، لە پەیوەندییەکدا بە مەسعود پزیشکیانی راگەیاندووە، دەبێت ئێران هێرشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە لوبنان و عێراق، رابگرێت.
ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەیەکی "بەرگریی"دا کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، هاوبەشە هەرێمییەکانی و دابینکردنی ئازادیی دەریاوانی. گوتیشی: "قبووڵکراو نییە وڵاتەکەمان بکرێتە ئامانج."
سەرۆککۆماری فەرەنسا هۆشداریی دا لەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان بەم شێوەیەی ئێستا، تەواوی ناوچەکە بەرەو پشێوی دەبات و کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت، کە باجەکەی خەڵکی ئێران و گەلانی ناوچەکە دەیدەن.
ماکرۆن داوای "چوارچێوەیەکی نوێی سیاسی و ئەمنی" کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی، کە تێیدا گەرەنتی بکرێت "ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات" و هاوکات سنوورێک بۆ بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانی و "چالاکییە تێکدەرەکانی" لە ناوچەکەدا دابنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن داوای کرد ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز لە زووترین کاتدا بگەڕێتەوە و گوشاریشی کرد بۆ ئازادکردنی هەردوو هاووڵاتییە فەرەنسییەکە (سیسیل کۆلەر و ژاک پاریس) کە لە ئێران دەستبەسەرن. راشیگەیاند کە "نەهامەتیی ئەوان زۆری خایاندووە و دەبێت بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان."
سیسیل کۆلەر و ژاک پاریس، دوو هاووڵاتیی فەرەنسین کە لە ئایاری 2022ـەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی" لە ئێران دەستگیرکراون، بەڵام فەرەنسا بەردەوام تۆمەتەکانی سەریان رەتدەکاتەوە.
هەرچەندە لە تشرینی دووەمی 2025 لە زیندان ئازاد کران، بەڵام هێشتا لە ژێر "قەدەخەی گەشت"دان و لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران ماونەتەوە.