ترەمپ بۆ تاران: بەلەمە دڕندەکانتان تەنیا لە ڤیدیۆی ساختەدا هەن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر تاران و میدیاکانی وڵاتەکەی؛ رایدەگەیێنێت کە ئێران بۆ شاردنەوەی شکسته سەربازییەکانی، پەنای بۆ "ژیریی دەستکرد" و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە بردووە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ رایگەیاند، ئێران لە مێژەوە "وەستای دەستکاریکردنی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکانە". گوتیشی: "ئەوان لە رووی سەربازییەوە بێکاریگەر و لاوازن، بەڵام زۆر لێزانن لە تێرکردنی میدیا چەواشەکارەکان بە زانیاریی ناڕاست."
"بەلەمە دڕندەکان تەنیا لە ناو ژیریی دەستکرددا هەن"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ئێران ژیریی دەستکرد وەک چەکێکی نوێ بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی ساختە.
ترەمپ دەڵێت: "ئەوان ڤیدیۆی بەلەمی کامیکازیی ساختە پیشان دەدەن، کە زۆر بەهێز و دڕندە دیارن و تەقە لە کەشتییەکان دەکەن، بەڵام ئەو بەلەمانە بوونیان نییە و تەنیا زانیاریی هەڵەن بۆ نیشاندانی هێزی سوپا شکستخواردووەکەیان."
ترەمپ بە تووندی ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لە پێکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" دەکەن و گوتی: "ئەو کەشتییە نەک هەر نەدەسووتا، بەڵکو تەقەشی لێ نەکراوە. ئێران باش دەزانێت نابێت ئەو کارە بکات."
سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە پێکانی پێنج فڕۆکەی سووتەمەنیپڕکردنەوەی ئەمریکا دەکەن، ترەمپ رایگەیاند کە هەموو فڕۆکەکان لە خزمەتدان و تەنیا یەکێکیان بۆ ماوەیەکی کورت لە کار وەستاوە. ترەمپ میدیاکانی ئەمریکای بە "خیانەتی نیشتمانی" تۆمەتبار کرد بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە.
هەڕەشە لە مۆڵەتی میدیاکان
ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ برێندان کار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکان دەربڕی، بۆ چاوخشاندنەوە بە مۆڵەتی ئەو دەزگا میدیاییانەی کە بە گوتەی ئەو "نانیشتمانین".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "ئەوان بە ملیاران دۆلار شەپۆلی پەخشی ئەمریکی بە خۆڕایی وەردەگرن و بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ بەکاری دەهێنن." هەروەها گاڵتەی بە پێشکێشکارانی بەرنامە کۆمیدییەکانی میدیای وڵاتەکەی کرد و بە "گەمژە" ناوی بردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێران لە لێواری لەناوچووندایە و تەنیا لەو جەنگانەدا دەباتەوە، کە لە رێگەی ژیریی دەستکرد و میدیاوە دروستیان دەکات. هاوکات متمانەی خۆی بە سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەربڕی، سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەر خۆی دەڵێت "میدیا چەپەکان" رووماڵێکی نەرێنی لەسەر بکەن.