ئوسترالیا و ژاپۆن داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز رەتدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز، هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و وەزیری گواستنەوەی ئوسترالیا ئاشکرای دەکەن کە ئەوان هیچ کەشتییەکی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز نانێرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، کاسرین کینگ، وەزیری گواستنەوەی ئوسترالیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئێمە هیچ کەشتییەک بۆ تەنگەی هورمز نانێرین. هەرچەندە دەزانین ئەو ناوچەیە گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە، بەڵام ناردنی کەشتی شتێک نییە داوامان لێکرابێت یان بەشداریی تێدا بکەین."
 
ئەم بڕیارەی ئوسترالیا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی کردبوو کەشتیی جەنگی رەوانەی ناوچەکە بکەن، بە مەبەستی هاوکاریکردن لە پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەنگەی هورمز لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران.
 
هەر ئەمڕۆش سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، لە دۆخی ئێستادا، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ ناردنی کەشتی جەنگی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتانی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا کەشتی جەنگی رەوانە دەکەن. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لەکاتی گەڕانەوەی لە ماڕالاگۆوە بۆ کۆشکی سپی، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆچی دەبێت ئێمە تەنگەی هورمز بپارێزین لە کاتێکدا ئەو شوێنە بۆ چین و وڵاتانی دیکەیە؟ نزیکەی 90%ی نەوتی چین لەوێوە دەڕوات."
 
ترەمپ گوتی، "دەبێت وڵاتانی دیکە خۆیان بێنە پێشەوە و یارمەتیمان بدەن لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە."
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران لە 2ی ئادارەوە تەنگەکەی داخستووە. 
 
تەنگەی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین ئەو رێڕەوە ئاوییانە دادەنرێت کە وزەی پێدا دەگوازرێتەوە. بە گوێرەی دەزگای زانیاری وزەی ئەمریکا، نزیکەی 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بەو تەنگەدا تێدەپەڕێت.