ترەمپ: جەنگ تەواو بێت، نرخی نەوت بەخێرایی دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هەر جەنگی ئێران کۆتاییهات، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە خێراییەکی زۆر دادەبەزێت. ئاماژە بەوەش دەکات، بە ئەنقەست هەندێک لە ژێرخانە نەوتی و خزمەتگوزارییەکانی تارانی نەپێکاوە، چونکە نایەوێت گەلی ئەو وڵاتە تووشی تراومای درێژخایەن ببن.
 
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزە و رایگەیاند: "هەر کە جەنگەکە تەواو بوو، نرخەکانی نەوت وەک بەرد دادەبەزن، بڕواشم وایە جەنگەکە زۆر ناخایێنێت."
 
سەبارەت بە ناردنی هێزی زەوینی بۆ ناو خاکی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بدات و گوتی: "بیرکردنەوەم لەسەر ئەو بابەتە نەگۆڕاوە، بەڵام نامەوێت هیچ ستراتیژییەکی سەربازی بۆ رۆژنامەڤانان ئاشکرا بکەم."
 
رۆژی هەینی ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوورگەی "خارگ"، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند: "تەواوی دوورگەکە لە کار کەوتووە، تەنیا بۆرییە نەوتییەکان نەبێت کە بە ئەنقەست نەمویستووە بییانپێکم؛ چونکە ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ دروستکردنەوەیان." جەختیشی کردەوە کە رێگەی نەداوە هێرشەکان لە 90 مەتریی هیچ دامەزراوەیەکی نەوتییەوە نزیک ببنەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، نایەوێت گەلی ئێران تووشی نەهامەتیی درێژخایەن ببێت، بۆیە زۆر لە ژێرخانەکانی پاراستوون و گوتی: "دەتوانم لە ماوەی یەک کاژێردا هەموو وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناو ببەم، بەڵام جارێ خۆمی لێ دەپارێزم، چونکە بنیاتنانەوەیان کاتی زۆری دەوێت."
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیان پێکردووە و تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی داوەتەوە. وەک کاردانەوەیەکیش بۆ هێرشەکان، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ژێرخانی وزە و کارەبای وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج.
 
تەنگەی هورمز کە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە بەهۆی گرژییەکانەوە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە، ئەوەش وایکردووە چاوی جیهان لەسەر نرخەکانی نەوت و ئاسایشی وزە بێت.