بایدن: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای هەڵکشان و ململانێدا نییە لەگەڵ رووسیا
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی جۆ بایدن کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند و رایگەیاند، سزاکان لەسەر بنەمای دەستتێوەردانی مۆسکۆ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020ی ئەمریکا و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سەر ئاژانسە فیدراڵییەکانی دانراون.
سزاکان دەرکردنی 10 دیپلۆماتی رووسی لە ئەمریکا و سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای رووسیی لەخۆگرتووە کە بە گوتەی ئیدارەی بایدن، دەستیان هەبووە لە هاککردنی ئاژانسە فیدراڵییەکانی ئەمریکا.
پاکێجی سزاکانی ئەمریکا، شەش کۆمپانیای رووسیی گرتووەتەوە کە هاوکاریی کرملن [نووسینگەی سەرۆکایەتیی رووسیا]یان کردووە لە ئەنجامدانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
هەروەها سزاکان 32 کەسایەتی و کیانی رووسییان گرتووەتەوە کە بە گوتەی ئەمریکا، دەستیان وەرداوەتە نێو هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020ی ئەمریکا.
هاوکات لەگەڵ دەرکردنی سزاکان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای هەڵکشان و ململانێدا نییە لەگەڵ رووسیا، پەیوەندییەکی سەقامگیرمان دەوێت لەگەڵ رووسیا، بەڵام ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لە دەستوەردان لە دیموکراسییەتمان، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی دیکە".
بایدن راشیگەیاند، "لەگەڵ پووتین قسەم کرد و پێمگوت، ئێمە دەتوانین پێکەوە راستەوخۆ قسە بکەین و پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین و پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لووتکەم لەگەڵ سەرۆکی رووسیا لە هاوینی ئەمساڵدا لە ئەوروپا کردووە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە "خاڵی سەرەکیی قسەکانم ئەمەیە، هەر شوێنێك تێیدا بەرژەوەندیی رووسیا و ئەمریکای تێدا بێت، ئێمە دەبێت کاری تێدا بکەین، ئەگەر رووسیا بەدوای پێشێلکردنی مافەکانی ئەمریکاوە بێت، ئەوا وەڵامی دەدەینەوە. ئێمە هەمیشە بەرگری لە وڵات، دەستوور و گەلی خۆمان دەکەین".
ئەمریکا و رووسیا لەسەر چەندین پرسی گرنگ ناکۆکن، لەنێویاندا، قەیرانی سووریا، ئۆکراینا، رێککەوتنی ئەتۆمی، هەروەها رووسیا لەلایەن ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە دەستی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016دا هەبووە و هەوڵی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020یش داوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە کرد و نیگەرانییەکانی ئەمریکای سەربارەت بە بڵاوەپێکردنی سەربازانی رووسیا لە سنووری ئۆکراینا بە سەرۆکی رووسیا گەیاند.
دوو رۆژ پێش ئێستا سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە کرد و نیگەرانییەکانی ئەمریکای سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی سەربازانی رووسیا لە سنووری ئۆکراینا بە سەرۆکی رووسیا گەیاند.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو جۆ بایدن لە وەڵامی رۆژنامەڤانێک کە پرسی بووی، ئایا پووتین بە "بکوژ" دەزانێت، سەرۆکی ئەمریکا بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە. دوای ئەوەش مۆسکۆ رایگەیاند، لێدوانەکانی بایدن مایەی قبووڵکردن نین.
هەروەها سەرۆکی رووسیا گاڵتەی بە جۆ بایدن کرد و گوتی، "ئەمە قسەیەکی منداڵانە یان گاڵتە نییە، هەمیشە وا دەبینن کەسانی دیکە خەسڵەتەکانی ئێمەیان هەیە و وا دەزانین ئەوانیش وەکو ئێمەن".