ئەمریکا داوا لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەکات چەک دروست بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی کارگە مەدەنییەکانی ئەمریکا بۆ ناوەندی بەرهەمهێنانی چەک دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە کە بیرخەرەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، مەبەست لێی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەیە لە کۆگەکانی چەکی ئەمریکادا بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانەوە دروست بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-04-2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا زنجیرەیەک گفتوگۆی گرنگیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری گەورە کۆمپانیاکانی وەک جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد کردووە. سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، پێنتاگۆن داوای لە ماری بارا، بەڕێوەبەری GM و جیم فارلی، بەڕێوەبەری Ford کردووە کە بەشێک لە توانای کارگەکانیان بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی تەرخان بکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت پیشەسازیی ئەمریکا بچێتە سەر "باری جەنگ."
 
جەنگی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر گەنجینەی چەک و تەقەمەنییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە بواری مووشەکەکان و تەکنەلۆژیای دژە-درۆندا، بۆیە سوپا پێویستی بە هاوبەشی بازرگانیی نوێیە بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنان.
 
ئەم هەوڵانە هاوکاتن لەگەڵ داواکاریی پێنتاگۆن بۆ بودجەیەکی 1.5 تریلیۆن دۆلاری، کە گەورەترین بودجەی بەرگرییە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا. بڕیارە بەشێکی زۆری ئەم بودجەیە بۆ وەبەرهێنان لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و تەقەمەنیی ورد تەرخان بکرێت تاوەکو ئەمریکا بتوانێت باڵادەستیی سەربازیی خۆی بپارێزێت.
 
کۆمپانیای (General Motors) ئێستا خەریکی گەشەپێدانی ئۆتۆمبێلێکی نوێی پیادەیە بۆ سوپای ئەمریکا کە بڕیارە ببێتە جێگرەوەی هامڤیی بەناوبانگ. ئەم ئۆتۆمبێلە تەنیا بۆ گواستنەوەی سەرباز نابێت، بەڵکو وەک بنکەیەکی فەرماندەیی و وزەی گەڕۆک کار دەکات. هەروەها کۆمپانیای (Oshkosh)یش لە ناو گفتوگۆکاندایە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی بارهەڵگرە تاکتیکییەکان.
 
ئەم داواکارییەی ئیدارەی ترەمپ مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ لە کاتی جەنگی دووەمی جیهاندا، کارگەکانی ئۆتۆمبێل لە شاری دیترۆیت بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سڤیلیان راگرت و دەستیان کرد بە دروستکردنی بزوێنەری فڕۆکە، بۆمبهاوێژ و تانك کرد، کە ئەو کاتە بە "کۆگەی دیموکراسیی ئەمریکا" دەناسران. ئێستا و دوای زیاتر لە 80 ساڵ، واشنتن دەیەوێت هەمان مۆدێل بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و رووسیا زیندوو بکاتەوە.
 
بەرپرسانی پێنتاگۆن جەخت دەکەنەوە، بەهێزکردنی بنکەی پیشەسازیی بەرگری، بابەتێکی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە و داوایان لە کۆمپانیاکان کردووە هەرچی زووە ئەو بەربەستە کارگێڕییانە دەستنیشان بکەن کە رێگرن لە بەردەم خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەک.