سێنتکۆم: لە 48 کاژێری یەکەمی گەمارۆکەدا 10 کەشتیمان ناچار بە گەڕانەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، لە ماوەی 48 کاژێری یەکەمی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران، سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی 10 کەشتی بۆ گەڕانەوە بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە و هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە لە دەستپێکی گەمارۆکەوە تێپەڕ ببێت.
سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، نۆ کەشتی بە هۆشداری گەڕاونەتەوە، بەڵام کەشتیی دەیەم لەرێگەی تێکشکێنەرێکی ئەمریکیی هەڵگری مووشەکەوە بە زۆر ئاراستەکەی بەرەو ناوخۆی ئێران گۆڕدراوە.
سەرەڕای راگەیێندراوە فەرمییەکەی سوپای ئەمریکا، داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرانەوە، وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدەن. بەپێی ئەو زانیارییانە، لانیکەم سێ کەشتی کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بەڕێکەوتوون توانیویانە لە تەنگەی هورمز تێپەڕ بن، هەرچەندە هەندێکیان دواتر گەڕاونەتەوە.
ئەمریکا رۆژی یەکشەممەی رابردوو بڕیاری گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی لە ناو کەنداودا راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە شاری ئیسلامئابادی پاکستان بێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییان هات.
ئێران لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوبات، تەنگەی هورمزی پەکخستووە. واشنتن ئێستا لەرێگەی ئەم گەمارۆیە دەریاییەوە دەیەوێت رێگری لە تاران بکات کە سوود لە هیچ جۆرە بازرگانییەکی دەریایی وەربگرێت، تاوەکو ناچاری بکات مەرجە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات.