راپۆرتێک: ئەمریکا و ئێران هەوڵی لێکتێگەیشتنێکی کاتی دەدەن بۆ رێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی شەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ 

دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکانیانەوە، بڕیاریان داوە ئاستی ئامانجەکانیان دابەزێنن و تەنیا هەوڵ بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی کاتی بدەن، تاوەکو رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، ئەم وەرچەرخانە دوای ئەوە دێت کە دانوستاندنە رووبەڕووەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو لە ئیسلامئاباد لەسەر مەرجە ئەتۆمییەکان گەیشتنە بنبەست. 
 
ئێستا هەردوولا دەیانەوێت تەنیا چوارچێوەیەکی کاتی دابڕێژن کە رێگر بێت لە گەڕانەوەی بۆردومانەکان و پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.
 
رێککەوتن لەسەر تەنگەی هورمز و ئازادکردنی پارەکان
 
بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوولا توانیویانە لە هەندێک خاڵدا لە یەکدی نزیک ببنەوە، لەوانە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز. 
 
تاران پێشنیازی کردووە کە کەشتییەکان بتوانن لە دیوی ئاوەکانی عومانەوە بە ئازادی و بەبێ مەترسیی هێرش تێپەڕ بن، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی واشنتن بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات. 
 
ئێران کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست سزاکانی ئەمریکاوە دەناڵێنێت، ئازادکردنی داراییەکانی وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە رێککەوتنێک دەبینێت.
 
ناکۆکی لەسەر ماوەی راگرتنی پیتاندن
 
ئەگەر ئەم یاداشتنامە کاتییە واژۆ بکرێت، مۆڵەتی 60 رۆژ دەدرێتە هەردوولا تاوەکو بە هاوکاریی شارەزایان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنی کۆتایی دانوستاندن بکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، واشنتن داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات بۆ ماوەی 20 ساڵ، بەڵام تاران دەیەوێت ئەو ماوەیە تەنیا لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵدا بێت.
 
لە هەمان کاتدا، کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان راگەیاندوون ئێران تەنیا دەتوانێت بە قبووڵکردنی دوو خاڵ نیازپاکی خۆی نیشان بدات؛ ئەوانیش وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم و هێنانە دەرەوەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی لە وڵاتەکەدا هەیە.
 
یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە و پێشنیازەکەی رووسیا
 
خاڵی هەرە هەستیار لەبەردەم دیپلۆماسی، چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مەزەندە دەکات پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئێران 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتێندراوی هەبووە. 
 
بەپێی گوتەی رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، نزیکەی 200 کیلۆگرام لەو یەدەگە لە تونێلەکانی ئەسفەهان پارێزراوە و بڕێکی دیکەشی لە نەتەنزە.
 
ئەمریکا داوا دەکات تەواوی ئەو یەدەگە لە ئێران دەربهێندرێت، چونکە بەو بڕە تاران دەتوانێت بە خێراییەکی زۆر چەندین بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات. بەڵام تاران تەنیا ئامادەیە بەشێکی کەم لەو یۆرانیۆمە رەوانەی وڵاتێکی سێیەم بکات.
 
رۆژی 13ـی نیسان، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کردووە ئەم وڵاتە سێیەمە رووسیا بێت.
 
تێچووی مرۆیی و ئابووریی شەڕ
 
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، تێچوویەکی مرۆیی و ئابووریی یەکجار گەورەی لێکەوتووەتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە 3,600 کەس لە ئێران و 2,196 کەس لە لوبنان پشتڕاستکراوەتەوە. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە رۆژی دووشەممەوە گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر هەموو بەندەرەکانی ئێران و داهاتی نەوتی تارانی گەیاندووەتە "سفر"، ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا لە سەروو 120 دۆلار جێگیر بێت.