وەزیری دارایی فەرەنسا: دەبێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە بەڵام یەک دۆلاریش بە ئێران نادەین
رووداو دیجیتاڵ
رۆلاند لێسکیور، وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران، بەڵام گوتی، هەرگیز رازی نابن بە پێدانی "سەرانە و باج" بە تاران بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز.
وەزیری دارایی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەهاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن رایگەیاند: "پێویستمان بەوەیە تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام نەک بە نرخ."
لێسکیور ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی پێشکەوتوو ناچنە ژێر باری داواکارییە داراییەکانی ئێران و گوتی: "من نامەوێت تەنانەت یەک دۆلاریش بدەم بۆ تێپەڕبوون بە ناو تەنگەی هورمزدا، ئێمە پارە بۆ تێپەڕبوون نادەین."
وەزیرانی دارایی و پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی (G7) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویان کردەوە، "پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ سنووردارکردنی تێچووە ئابوورییە جیهانییەکانی ئەم جەنگە."
لێسکیور گوتی، ئەگەر پێویست بێت، وەک چۆن پێشتر نەوتی ناو کۆگەکانیان دەرهێنا بۆ هێورکردنەوەی بازاڕ، جارێکی دیکەش هەمان هەنگاو دەگرنە بەر تاوەکو رێگری لە بازدانی نرخەکانی وزە بگرن.
وڵاتانی گرووپی حەوت بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی ئۆکراینا بەرلە هاتنی زستانی داهاتوو، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە.
وەزیری دارایی فەرەنسا هۆشداری دا، "نابێت رووسیا هیچ سوودێک لەوە وەربگرێت کە لە ئێران روودەدات" و نابێت ئۆکراینا ببێتە "زیانی لاوەکی"ـی ئەم جەنگە.
لەلایەکی دیکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی کاتیی فرۆشتنی نەوتی رووسیا لە ناو دەریادا درێژ ناکەنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، بڕیارە رۆژی هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا میوانداریی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بکات بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەش سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز دوای جێگیربوونی ئاگربەست.
جگە لە فەرەنسا کە سەرۆکایەتیی خولی ئێستای گرووپی حەوت دەکات، وڵاتانی بەریتانیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەندامی ئەم گرووپە ئابوورییە بەهێزەی جیهانن.