رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی هەزار دیل رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
دوای گفتوگۆی راستەوخۆ و رووبەڕوو لە ئیستەنبووڵ، رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی هەزار دیلی جەنگ رێککەوتن؛ هەردوولا تاوتوێی ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوولایشیان کرد.
ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی رووسی کە هاوکات راوێژکاری باڵای سەرۆکی رووسیایە لە ئیستەنبووڵەوە گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری دیلی جەنگ ئاڵۆگۆڕ دەکرێن."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە، هەزار سەربازی بەدیلگیراوی ئۆکراینی بە هەزار سەربازی رووسیا دەگۆڕدرێنەوە.
مێدینسکی گوتیشی: "لایەنی ئۆکراینی داوای گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان سەرۆکەکانی هەردوو وڵات دەکات. ئێمە رێککەوتین کە هەر لایەکمان روانگەی خۆی بۆ ئەگەری ئاگربەستی داهاتوو بخاتەڕوو."
روستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات، لە راگەیێندراوێکی جیادا پشتڕاستی کردەوە کە لەسەر دیلۆگۆڕینەوەکە رێککەوتوون و قسەیان لەسەر ئاگربەست و ئەگەری کۆبوونەوەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکەکانی ئۆکراینا و رووسیا کردووە.
مێدنیسکی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ، رووسیا لە ئەنجامی دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا "رازییە."
دیپلۆماتەکە بە میدیای فەرمیی وڵاتەی گوت: "لە ئەنجامەکان رازین و ئامادەین درێژە بە گفتوگۆ بدەین"؛ باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی هەردوولا بیرۆکەی خۆیان سەبارەت بە ئاگربەست پێشكێش کرد، کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا کاژێرێک و 40 خولەکی خایەندووە.
چەند هەفتەیەکە کیێڤ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەوڵ دەدەن رووسیا بە ئاگربەستێکی "بێ مەرج"ی 30 رۆژە رازی بکەن، بەڵام مۆسکۆ دەستپێشخەرییەکەیان رەت دەکاتەوە، چونکە پێیوایە، وەستاندنی شەڕ وادەکات سوپای ئۆکراینا لە رێگەی پشتیوانیی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاواوە خۆی بەهێز بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێستا رووبەڕووی ئاستەنگی سەربازی دەبێتەوە، بۆیە کرێملین داوا دەکات، پێش ئاگربەست، ناردنی هەموو هاوکارییەکی سەربازی بۆ ئۆکراینا بوەستێت.
هەر ئەمڕۆ سەرکردەکانی ئەورووپا لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا لە چوارچێوەی (لووتکەی کۆمەڵەی سیاسیی ئەورووپا)دا تاوتوێی دۆخی ئۆکراینایان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی ئەورووپا و ئەمریکا لە لایەن رووسیاوە "مایەی قبووڵکردن نییە."
ماکرۆن گوتی: "مایەی قبووڵکردن نییە کە ئەمە دووەم جارە رووسیا و سەرۆک پووتین وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا نادەنەوە کە لە لایەن ئۆکراینا و ئەورووپییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن."
سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، زیلینسکی و سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و پۆڵەندا، دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
بە گوتەی سەرۆکایەتییەکە، زیلینسکی، ماکرۆن، فرێدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا؛ کیەر ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد تەسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە پەیوەندییەکەدا بەشدار بوون.
دوای پەیوەندییەکە، زیلینسکی رایگەیاند، ئۆکراینا ئامادەیە "هەنگاوی خێرا" بەرەو ئاشتی بنێت؛ هەروەها داوایکرد، ئەگەر رووسیا بە ئاگربەست رازی نەبێت، "سزای تووند"ی بەسەردا بسەپێنرێت.