کۆنفرانسی UN تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە مانگی 6 بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ کاراکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە 17 بۆ 20ی حوزەیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە لە بڕیارێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە کانوونی یەکەمی رابردوو لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا و هاوبەشانە لەلایەن فەرەنسا و سعودیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
دیپلۆماتێک لە پاریس کە زانیاری لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکە هەیە، رۆژی هەینی گوتی، دەبێت رێگە خۆش بکرێت بۆئەوەی وڵاتانی زیاتر دان بە فەلەستیندا بنێن.
لە ئایاری 2024دا ئیرلەندا، نەرویج و ئیسپانیا هەنگاویان نا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، بەڵام حکومەتەکانی دیکەی ئەورووپا، لەوانەش فەرەنسا، ئەوەیان نەکردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە مانگی نیساندا رایگەیاند، دەکرێت پاریس لە مانگی حوزەیران دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
ماکرۆن ئەو کاتە گوتی، ویستی هەیە کۆنفرانسی نیویۆرک رێکبخات بۆ هاندانی داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، "بەڵام داننان بە ئیسرائیل لەلایەن ئەو وڵاتانەوەش کە تاوەکو ئێستا" دانیان پێدا نەناوە، گرنگە.
ئیمارات، بەحرێن و مەغریب پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئیبراهیم، کە ساڵی 2020 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا واژۆ کرا.
بەڵام زۆر وڵاتی دیکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی هێشتا نەچوونەتە نێو ئەم رێککەوتنە، لەوانەش سعودیە، سووریا و لوبنان.
تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە کە بەهۆی هێرشی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 هەڵگیرسا، سعودیە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین رەتکردەوە.
حکومەتی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دژی هەر هەنگاوێکی لەو جۆرەیە.