نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکانی بۆ یەمەن و سۆماڵ کەم دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئامانجی هاوکاری مرۆیی خۆی لە یەمەن و سۆماڵ کەم دەکاتەوە، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی هاوکاری لە لایەن وڵاتانی کۆمەکبەخشەوە.
 
لە کانوونی دووەمدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 2.4 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی 10.5 ملیۆن کەس لە یەمەن کرد کە زۆر کەمترە لە 19.5 ملیۆن کەس کە لەو وڵاتە پێویستیان بە یارمەتییە.
 
بەڵام بە هۆی کەمبوونەوەی پارەدانەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و هاوبەشەکانی لە بواری هاوکاری مرۆیی، پێشینەیەکی نوێیان داناوە بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی پێویستترین خەڵک بدەن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەکانی رابردوودا گۆڕانکاری هاوشێوەی لە ستراتیژییەت لە ئۆکرانیا و کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ راگەیاند.
 
ستێفانی ترێمبلەی، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێز گوتی، ئێستا سەرنج لە یەمەن لەسەر 8.8 ملیۆن کەسە بە بودجەیەکی خەمڵێندراوی 1.4 ملیار دۆلار.
 
ستێفانی ترێمبلەی رایگەیاند، لە سۆماڵی ناسەقامگیریش پلانی داواکراوی 1.4 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی 4.6 ملیۆن کەس بۆ 367 ملیۆن دۆلار بۆ 1.3 ملیۆن کەس کەمکراوەتەوە.
 
ترێمبلەی رایگەیاند، کەمکردنەوەی پارەدان، بەرنامەکانی هاوکاری مرۆیی ناچار دەکات پاشەکشە بکەن و بەو جۆرەش "ژیانی ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە."
 
گوتەبێژەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، ئەگەر نەتوانن کاری زیاتر بکەن، ئەو کاتە ملیۆنان کەسی دیکە رووبەڕووی برسێتی تووند دەبنەوە و دەستیان بە ئاوی پاک، خوێندن، پاراستن و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە ناگات.
 
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار و ستافی خۆیان لە سەرانسەری جیهان کەم دەکەنەوە، لەکاتێکدا رووبەڕووی کەمبوونەوەی هاوکاری لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە دەبنەوە، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.