رووسیا و چین بە نیازن وێستگەی ئەتۆمی لەسەر مانگ دروست بکەن

 
  
رووداو دیجیتاڵ 

گۆڤاری لایف ساینس بڵاویکردەوە، رووسیا و چین لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکردووە بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2036 وێستگەیەکی ئەتۆمی لەسەر مانگ دروست بکەن. وێستگەکە بە رۆبۆت و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دروست دەکرێت. 
 
گۆڤارەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، بڕیارە تاوەکو ساڵی 2036 چین و رووسیا وێستگەیەکی ئەتۆمی لەسەر مانگ دروست بکەن، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبایە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە مانگ. 
 
یوری بۆریسۆڤ، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی رووسیا (ناسراو بە روسکۆسمۆس) سەبارەت بەو لێکتێگەیشتنە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هیچ مرۆڤێک کار لە دروستکردنی وێستگەکەدا ناکات و بە رۆبۆت کارەکان دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوویان بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە. 
 
میدیای فەرمی رووسیا سەبارەت بە پڕۆژەکە بڵاویکردەوە: "وێستگەکە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی بۆشایی ئاسمان و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیا" بەکاردەهێندرێت. 
 
بەگوێرەی گۆڤاری لایف ساینس، وێستگە ئەتۆمیەکە لە جەمسەری باشووری مانگ دروست دەکرێت و تائێستا 17 وڵات ئامادەییان بۆ بەشداریی لە پڕۆژەکە دەربڕیووە، کە دیارترینیان میسر، پاکستان، ڤەنزوێلا، تایلەندا و ئەفریقای باشوورن.
 
دروستکردنی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە مانگ نزیکەی 50 ملیار دۆلاری تێدەچێت و ساڵانەش بەڕێوەبردنی پێویستی بە دوو ملیار دۆلار دەبێت.