ترەمپ: دووەم کەسی داعشمان لەسەر ئاستی جیهان لەنێو برد
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوشتنی ئەبو بیلال مینۆکی لە نێجیریا رادەگەیێنێت و دەڵێت، "دووەم کەسی داعشە لەسەر ئاستی جیهان".
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی ترووس سۆشیالدا دەڵێت، "ئەمشەو، بە فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی نێجیریا ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و بە وردی پلان بۆ داڕێژراویان بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ کرد بۆ لەناوبردنی چالاکترین تیرۆریستی جیهان لە گۆڕەپانی جەنگدا".
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ:
ئەمشەو، بە فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی نێجیریا ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و بە وردی پلان بۆ داڕێژراویان بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ کرد بۆ لەناوبردنی چالاکترین تیرۆریستی جیهان لە گۆڕەپانی جەنگدا. ئەبو بیلال ئەلمینۆکی، کەسی دووەمی داعش لەسەر ئاستی جیهان، پێی وابوو دەتوانێت لە ئەفریقا خۆی حەشار بدات، بەڵام نەیدەزانی کە ئێمە سەرچاوەمان هەبووە و بەردەوام ئاگاداری کارەکانی بووین. ئەو چیتر ناتوانێت گەلی ئەفریقا بتۆقێنێت، یان هاوکار بێت لە داڕشتنی پلان بۆ بەئامانجگرتنی ئەمریکییەکان. بە لەناوبردنی ئەو، ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبن. سوپاسی حکومەتی نێجیریا دەکەم بۆ هاوبەشییان لەم ئۆپەراسیۆنەدا. خودا ئەمریکا بپارێزێت! سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ.