ترەمپ لە پەیامنێرەکانی نێو فڕۆکەکەی تووڕە دەبێت و بە "ناپاک" ناویان دەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتێکیدا بۆ واشنتن لە پەیامنێرانی نیویۆرک تایمز و BBC تووڕە بووە و بە "ناپاک" ناوی بردوون. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، راپۆرتەکانی نیویۆرک تایمز سەبارەت بە جەنگی ئێران "ناپاکیکردنن" لە ئەمریکا و BBCیش "میدیایەکی ساختەیە."
 
ترەمپ رۆژی هەینی لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا لەکاتی گەڕانەوەی لە لووتکەیەکی سێ رۆژە لە بەیژینگ، بە تووندی هێرشی کردە سەر دەیڤید سانگر، رۆژنامەڤانی نیویۆرک تایمز و بەوە تۆمەتباری کرد، راپۆرتی "هەڵە" لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێران بڵاودەکاتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا بە سانگری گوت، "من سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواوم بەدەستهێناوە، بەڵام هەواڵە ساختەکان، کەسانی وەک تۆ، شتی هەڵە دەنووسن. تۆ کابرایەکی ساختەکاريت."
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەسەر دەستکەوتە سەربازییەکانی کردەوە و گوتی، "سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواومان هەبوو. هێزی دەریایی [ئێرانمان] بە تەواوی لەنێوبرد. هێزی ئاسمانییانمان بە تەواوی لەنێوبرد. هەموو چەکەکانی دژەفڕۆکەیمان تێکشکاند. هەموو رادارەکانیانمان لەنێوبرد... ئێمە سەرکەوتنێکی تەواومان هەبووە، تەنیا لای کەسانی وەک ئێوە نەبێت کە راستییەکان نانووسن."
 
سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئەو ئاستەی کە تۆمەتی "ناپاکی" بداتە پاڵ رۆژنامەڤانەکە و گوتی، "پێموایە ئەوەی دەینووسیت جۆرێکە لە ناپاکی. خۆت باشتر دەزانیت. سەرنووسەرەکانت پێت دەڵێن چی بنووسیت و تۆش دەینووسیت. دەبێت شەرم لە خۆت بکەیت. کاتێک دەنووسیت گوایە ئەوان لە رووی سەربازییەوە دۆخیان باشە، لە کاتێکدا نە هێزی دەریاییان ماوە، نە هێزی ئاسمانی و نە هیچ شتێکی دیکە، بەڕاستی پێموایە ئەمە ناپاکییە."
 
چەند ساتێک دواتر، ترەمپ رووبەڕووی رۆژنامەڤانێکی BBC بووەوە، کە پرسیاری لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە سەرەتای جەنگەکەدا کرد، کە زیاتر لە 150 کچی بچووکی ئێرانی تێدا کوژران.
 
کاتێک رۆژنامەڤانەکە پرسیاری کرد کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە "مووشەکێکی ئەمریکی" ئەو قوتابخانەیەی وێران کردووە، ترەمپ لێی پرسی کە سەر بە چ دەزگایەکە. کاتێک رۆژنامەڤانەکە گوتی نوێنەرایەتیی رادیۆی بی بی سی دەکات، ترەمپ جارێکی دیکە تووڕە بوو.
 
ترەمپ بە تووڕەییەوە گوتی، "بی بی سیی ساختەکار، مەبەستت ئەوانەیە کە قسەیان بە ژیریی دەستکرد خستە دەممەوە؟ ئەوانەی قسەی زۆر خراپیان بە دەمی منەوە کرد و دواتر ناچار بوون دان بەوەدا بنێن کە ساختە بووە؟ ئەوانەی کە ئێستا سکاڵای 5 ملیار دۆلاریان لەسەرە و نازانن چی بکەن؟ تۆ لەگەڵ بی بی سی کار دەکەیت؟ ئەوانیش دەزگایەکی ساختەی دیکەن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:

رۆژنامەڤان: سوودی دووبارەکردنەوەی بۆردوومان چی دەبێت؟ بۆ ماوەی 38 رۆژ ئەوەتان کرد...
 
دۆناڵد ترەمپ: نەخێر، ئێمە..
 
رۆژنامەڤان: نەگەیشتن بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران.
 
دۆناڵد ترەمپ: ئۆهـ، نەخێر - من سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواوم هەبوو. بەڵام هەواڵە ساختەکان، کەسانی وەک تۆ، شتی هەڵە دەنووسن. تۆ کەسێکی ساختەکاريت. کەسانی وەک تۆ بە هەڵە لەسەری دەنووسن. ئێمە سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواومان هەبوو. هێزی دەریایی ئەوانمان بەتەواوی لەنێوبرد. هێزی ئاسمانیی ئەوانمان بەتەواوی لەنێوبرد. هەموو چەکەکانی دژەفڕۆکەیمان تێکشکاندن. هەموو رادارەکانیانمان لەنێوبردن. هەموو سەرکردە پلە یەکەکانی ئەوانمان لەنێوبردن. دواتریش سەرکردە پلە دووەکانیانمان لەنێوبردن و ژمارەیەکی زۆریش لە سەرکردە پلە سێیەکانیانمان لەنێوبردوون. ئێستا زۆر سەرلێشێواون. ئێمە سەرکەوتنێکی تەواومان هەبووە، تەنیا لای کەسانی وەک ئێوە نەبێت کە راستییەکان نانووسن. دەزانیت، دەبێت بنووسیت - پێموایە ئەوەی دەینووسیت جۆرێکە لە ناپاکی. بەڵام ئێوە لە نیویۆرک تایمز - لەگەڵ سی ئێن ئێن، دەتوانم بڵێم خراپترینن. دەبێت خۆت باشتر بزانیت، دەیڤید، تۆ کەسێکی پیشەگەری. خۆت باشتر دەزانیت. سەرنووسەرەکانت پێت دەڵێن چی بنووسیت و تۆش دەینووسیت. دەبێت شەرم لە خۆت بکەیت. کاتێک دەنووسیت گوایە 'ئەوان لە رووی سەربازییەوە دۆخیان باشە'، لە کاتێکدا نە هێزی دەریاییان ماوە، نە هێزی ئاسمانی و نە هیچ شتێکی دیکە، بەڕاستی پێموایە ئەمە ناپاکییە. لەبیرت نەچێت، 85%ی کارگەکانی دروستکردنی مووشەکمان لەنێوبردن. هەموو شتێکمان لەنێوبرد. تەنیا لە یەک پردمان نەداوە کە ئەوەشمان کرد، چونکە رەفتاریان خراپ بوو. بەڵام هێشتا پردمان ماوە کە لێیان بدەین. دەتوانین لە دوو رۆژدا پردەکان و توانای کارەبایان بەتەواوی لەنێوببەین، دەتوانین هەمووی وێران بکەین. دواتر نیویۆرک تایمز دەخوێنمەوە و وا رەفتار دەکەن کە گوایە دۆخیان باشە. هەمووان ئەوە دەزانن. هەر بۆیەشە ژمارەی بەشداربووانتان زۆر دابەزیوە. دەزانیت، بەشداربووانی تایمز زۆر دابەزیون چونکە هەواڵی ساختەن.
 
رۆژنامەڤان: دوێنێ پرسیار لە ئەدمیراڵ کوپەر کرا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی کچان لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا.
 
دۆناڵد ترەمپ: ئۆهـ، ئەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. تۆ باسی هێرشە سەرەتاییەکە دەکەیت. بەڵێ.
 
رۆژنامەڤان: پێدەچێت ئەمە تاکە کەیسی لێکۆڵینەوە بێت لەم کاتەدا سەبارەت بە قوربانیانی سڤیل.
 
ترەمپ: پێموایە چەند شتێکمان هەیە لەژێر لێکۆڵینەوەدا، ئەوەیان، ئەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
رۆژنامەڤان: ئایا دەتوانیت پشتڕاستی بکەیتەوە کە ئەوە مووشەکێکی ئەمریکی بوو؟
 
ترەمپ: تۆ سەر بە چ دەزگایەکی؟
 
رۆژنامەڤان: BBC رادیۆ.
 
دۆناڵد ترەمپ: بی بی سی-ی ساختەکار، مەبەستت ئەوانەیە کە قسەیان بە ژیریی دەستکرد خستە دەممەوە؟ ئەوانەی کە - وایانکرد لێدوانێک بدەم کە ئێستا خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە راست نەبووە؟ ئەوانەی کە قسەی زۆر خراپیان بە دەمی منەوە کرد و دواتر ناچار بوون دان بەوەدا بنێن کە ساختە بووە؟ ئەوانەی کە ئێستا سکاڵای 5 ملیار دۆلاریان لەسەرە و نازانن چی بکەن؟ تۆ لەگەڵ بی بی سی کاردەکەی؟ ئەوانیش دەزگایەکی ساختەی دیکەن. بەڵێ.