باڵای مرۆڤ دەتوانێت پێشبینیی رادەی دڵخۆشیی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی بکات
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەکان دەریدەخەن باڵای مرۆڤ رەنگە رۆڵی هەبێت لە پێشبینیکردنی رادەی دڵخۆشی و سەرکەوتنی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیدا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (YourTango) کە پشتی بە توێژینەوەیەکی ساڵی 2002 بەستووە، ژنانی باڵاکورت چانسی زیاتریان هەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دڵخۆش و سەرکەوتوو.
ژنانی باڵاکورت دڵخۆشترن
زانایان لە بەریتانیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ژنانەی باڵایان لە نێوان 152 بۆ 161 سەنتیمەتردایە، لە تەمەنی 42 ساڵیدا بەراورد بە ژنانی باڵابەرزتر، زیاتر لە پەیوەندییەکی جێگیر و پڕ لە خۆشەویستیدا دەژین و خاوەنی منداڵن.
جێی ئاماژەیە، تێکڕای باڵای ژنان لە بەریتانیا 164 سەنتیمەتر و نیوە و لە ئەمریکاش کەمێک کورتترە. شارەزایان بە تەواوی دڵنیا نین بۆچی پیاوان زیاتر سەرنجیان دەچێتە سەر ژنانی باڵاکورت، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ژنانی باڵاکورت چانسی پەیوەندیی جێگیرتریان هەیە.
ژنان زیاتر پیاوی باڵابەرزیان بەلاوە پەسندە
لەلایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەکە سەیری ئەوەشی کردووە کە ژنان حەزیان لێی باڵای پیاوەکان چەند بێت. ئەنجامەکان شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوون؛ زۆربەی ژنان رایانگەیاندووە کە پیاوانی باڵابەرزیان پێ باشترە و زۆربەیان باڵای 182 سەنتیمەتری بە باڵایەکی "نموونەیی" دەزانن.
توێژەران دەڵێن ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری پەرەسەندنی مرۆڤ. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2015، مێشکی مرۆڤە کۆنەکان وابەستەی ئەو بیرۆکەیە بووە کە پیاوی باڵابەرز توانایەکی باشتر و زیاتری هەیە بۆ پاراستنی کەسانی دیکە و خێزانەکەی لە مەترسییەکان و ئاژەڵە دڕندەکان، هەر بۆیە ئەو هەستە تاوەکو ئێستا لە نێو مێشکی مرۆڤدا ماوەتەوە و وایکردووە ژنان پیاوی باڵابەرزیان پێ باشتر بێت.