ئەورووپییەکان مەیلیان بۆ بیرە کەم دەبێتەوە؛ بازاڕی خواردنەوە بێ کحولەکان گەرمە
رووداو دیجیتاڵ
خواردنەوەی بیرە لە وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و بەشێکی زۆری خەڵک، بەتایبەتی گەنجان، روویان لە خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کردووە.
بەپێی ئامارە نوێیەکان، تەنیا لە ئەڵمانیا تێکڕای خواردنەوەی بیرە بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا دابەزیوە بۆ 48 لیتر، ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی 2020دا ئەو بڕە 63 لیتر بووە و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا گەیشتووەتە 90 لیتر.
گەنجانی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن، شێوازی ژیانیان گۆڕاوە. هاووڵاتییەکی ئەڵمانی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییەوە دەڵێت: "هێشتا تەمەنم نەبووەتە 18 ساڵ، بۆیە زۆر ناخۆمەوە، بەڵام لەم دواییانەدا گەنجان کەمتر دەخۆنەوە و ئێمە زیاتر حەزمان لە بیرەی بێ کحولە."
ئەم گۆڕانکارییە تەنیا ئەڵمانیای نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی وەک سلۆڤاکیا و چیکیش هەمان دیاردە دەبینرێت. بۆ ئەوەی بازاڕەکانیان لەدەست نەدەن، زۆر لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی بیرە لە سلۆڤاکیا ئێستا زیاتر گرنگی بە دروستکردنی بیرەی بێ کحول دەدەن.
لە کۆماری چیک، کە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بیرە لە جیهان دادەنرێت، ساڵی رابردوو رێژەی خواردنەوەی ئەو مەییە بەراورد بە ساڵی پێشتر زیاتر لە 3% دابەزیوە. هاووڵاتییەکی چیکی دەڵێت: "لە هاویندا رەنگە هەفتەی دوو جار بیرەی بێ کحول بخۆمەوە."
بەپێی راپۆرتەکان، رەفتاری کڕیارانیش گۆڕاوە؛ خەڵک کەمتر لە باڕ و شوێنە گشتییەکان دەخۆنەوە و زیاتر پێیان باشە لە ماڵەکانیاندا چێژ لە خواردنەوەکانیان وەربگرن.
سەرباری ئەو دابەزینە بەردەوامە، هێشتا چیکییەکان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمی خواردنەوەی بیرەدا ماونەتەوە و تێکڕای خواردنەوەی ساڵانەی هەر کەسێک لەو وڵاتەدا، دەگاتە زیاتر لە 120 لیتر.