تایوان بۆ واشنتن و بەیژینگ: ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆین

 
رووداو دیجیتاڵ

تایوان وەڵامی هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، ئەوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆن و پاشکۆی چین نین. ئەم هەڵوێستە تووندەی تایوان تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ بەیژینگ، هۆشداریی دابووە ئەو دوورگەیە کە هەنگاو بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی فەرمی نەنێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی تایوان رۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەیان "دەوڵەتێکی دیموکراسیی سەربەخۆیە و ژێردەستەی کۆماری میللیی چین نییە." ئەم راگەیێندراوە وەک کاردانەوەیەک دەبیندرێ بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە لووتکەی بەیژینگ لە نێوان ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین هەبوون.
 
تایوان هەروەها پێداگری لەسەر بەردەوامیی کڕینی چەک لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەمە تەنیا پابەندییەکی ئەمنیی واشنتن نییە، کە لە یاسای پەیوەندییەکانی تایواندا هاتووە، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکیی "رێگریی هاوبەشە" بەرانبەر بەو هەڕەشانەی کە روو لە ناوچەکەن.
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، رەنگە پێداچوونەوە بە پرسی فرۆشتنی چەک بەو دوورگەیەدا بکات.
 
چین، تایوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی خۆی دەزانێت و هەمیشە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر پێویست بکات بە هێزی سەربازی دەیخاتەوە ژێر رکێفی خۆی. ئەمریکا هەرچەندە بە فەرمی تەنیا دان بە حکومەتی بەیجینگدا دادەنێ، بەڵام بەپێی "یاسای پەیوەندییەکانی تایوان"ـی ساڵی 1979، پابەندە بە دابینکردنی چەک بۆ بەرگری لەو دوورگەیە.
 
گەشتە سێ رۆژییەکەی ترەمپ بۆ چین و گوشارەکانی (شی جینپینگ) بۆ بڕینی هاوکارییە سەربازییەکانی تایوان، ترسێکی نوێی لای تایوان دروست کردووە، ئێستا دەترسێت ببێتە قوربانیی رێککەوتنە گەورەکانی نێوان دوو زلهێزە ئابوورییەکەی جیهان.