پووتین دەچێتە بەیژینگ؛ رووسیا و چین پەیوەندییە 'ستراتیژییەکانیان' بەهێزتر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەگاتە بەیژینگ. کرێملن رایدەگەیێنێت، هەردوو سەرۆک لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا، هاوبەشیی ستراتیژیی نێوانیان و پرسە گەرمەکانی جیهان، لە سەرووی هەمووشیانەوە شەڕی ئۆکراینا، تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی کرێملن، سەردانەکەی پووتین لە رۆژانی 19 و 20ی ئایار دەبێت. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە 25 ساڵ بەسەر واژۆکردنی "پەیماننامەی دراوسێیەتی باش و هاوکاریی دۆستانە" تێدەپەڕێت، کە لە ساڵی 2001ـەوە بووەتە بەردی بناخەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەیژینگ.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن دەربارەی کارنامەی سەردانەکە دەڵێت، "لە سەرووی هەموو شتێکەوە، باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکەین کە هاوبەشییەکی ستراتیژیی تایبەتە. هەروەها قەبارەی بازرگانی نێوانمان کە بەردەوام لە گەشەدایە و 200 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، تەوەرێکی سەرەکی دەبێت."
بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە چەندین پرسی هەستیار بکرێت، لەوانە: هاوکارییەکانی بواری وزە، شەڕی ئۆکراینا، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، پرسی تایوان و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەردانەکەی پووتین تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین دێت. شرۆڤەکاران پێیانوایە پووتین دەیەوێت لە رێگەی ئەم سەردانەوە ئەوە نیشان بدات کە مۆسکۆ و بەیژینگ لە بەرەیەکی یەکگرتوودان و هاوپەیمانییەکەیان لە بەرامبەر گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا "بەهێزە."
لە پەراوێزی سەردانەکەدا، هەردوو سەرۆک بەشداری لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی "ساڵانی پەروەردەی رووسیا و چین" بۆ ساڵانی 2026-2027 دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت چەندین رێککەوتنامەی نوێ لە بوارەکانی ئابووری و فێرکردن واژۆ بکەن.
چین؛ شادەماری ئابووریی رووسیا
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا و سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا، چین بووەتە گەورەترین هاوبەشی ئابووریی مۆسکۆ. چین بڕێکی زۆر لە نەوت و گازی رووسیا دەکڕێت و مۆسکۆش بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکانی، پشتی بە بەیژینگ بەستووە.
ئەمە یەکەمجارە چین لە یەک مانگدا میوانداریی هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رۆڵی ناوەندیی بەیژینگ لە دیپلۆماسیی جیهانیدا.
لەوەتەی هەردوو سەرۆک دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 جار کۆبوونەتەوە.