وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ ئاسانکاری لە گفتوگۆکانی ئاشتیی ئەمریکا و ئێران دەچێتە تاران
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێ، وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتوەتە تاران، ئەوەش "بۆ ئاسانکاریکردن" لە گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، رۆژی شەممە، 16-05-2026 بڵاویکردەوە: "موحسین نەقڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژە گەیشتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ ئاسانکاریکردنی گفتوگۆکان و برەودان بە ئاشتیی هەرێمی."
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران پێشوازی لە نەقڤی کرد.
ئیسلامئباد چالاکانە نێوەندگیری لە گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئێران و ئەمریکادا کردووە و مانگی پێشوو میوانداریی کۆبوونەوەیەکی نێوان شاندی هەردوو لایەنی کرد.
ئاگربەستێک کە لە 9ـی نیساندا راگەیێندرا، ئەو جەنگەی راگرتووە کە لە 28ـی شوباتدا بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، تاران پەیامی لە واشنتنەوە بەدەست گەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە بەردەوام بێت لە دانوستاندنەکان.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران و سەرۆکی پەرلەمان، رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026 رایگەیاند، دەبێت واشنتن پێشنیازەکەی تاران بۆ ئاشتی قبووڵ بکات یان رووبەڕووی "شکست" دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیازێکی ئێرانی رەتکردەوە و هۆشداری دا کە ئاگربەستەکە "لەسەرەمەرگدایە".
قالیباف لە پۆستێکدا رایگەیاند:"هیچ جێگرەوەیەک نییە جگە لە قبووڵکردنی مافەکانی گەلی ئێران وەک لە پێشنیازە 14 خاڵییەکەدا هاتووە. هەر رێبازێکی دیکە بە تەواوی بێئەنجام دەبێت. هیچ شتێک نابێت جگە لە شکست دوای شکست."