لە ئەفریقای باشوور هەزاران خەڵک بۆ دۆزینەوەی ئەڵماس زەوی هەڵدەکۆڵن


رووداو دیجیتاڵ

هەزاران خەڵک لە ناوچەی کوازۆلۆ ناتال لە ئەفریقای باشوور بە ئومێدی دۆزینەوەی ئەڵماس شەو و رۆژ بە ئامێرە سەرەتاییەکانیان خەریکی هەڵکۆڵینی زەوین. 
 
ئەو هەوڵانە دوای ئەوە دێت کە شوانێک هەندێ بەرد و کریستاڵی هاوشێوەی ئەڵماس لەو شوێنە دەدۆزێتەوە. ئەو کریستاڵانەی کە شوانەکە چەند رۆژ پێشتر دۆزییەوە دیارە نییە چ ماددەیەکە.
 
ئەو ناوچەیە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە دووری ژوهانسبۆرگ پایتەختی ئەفریقای باشوور هەڵکەوتووە. حکومەتی ئەفریقای باشوور هۆشداریداوەتە خەڵک ئەو بەردانەی کە ئەوان خەریکی دۆزینەوەین رەنگە لە راستیدا هیچ بەهایەکی نەبێت.
 
یەکێک لەو کەسانەی کە سەرقاڵی هەڵکۆڵینی زەوییە دەڵێت، گرنگ نییە کە هێشتا پشتڕاستنەکراوەتەوە کە ئەو بەردانەی شوانەکە دۆزیوەیەتییەوە ئەڵماسە یان نا، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بە راستی ئەڵماس لەم شوێنەدا هەڵکەوتبێت لەبەر ئەوەی نزیکی رووبارە.