تاوەکو ئێستا دوو هەزار کەس بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی نێوخۆی سوودان پێی نایە مانگی سێیەم، ژمارەی قوربانییانی شەڕەکە لە بەرزبوونەوەدایە و بەپێی دوایین ئاماریش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکە گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە 2 هەزار کەس بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023، پێگەی ACLED کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی جەنگ و ململانێکان، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانە کرد کە لە سوودان بەهۆی شەڕی نێوخۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و رایگەیاند: "ژمارەی ئەو کەسانەی کە تاوەکو 11ـی حوزەیران گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 2 هەزار کەس."
 
هاوکات، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاند: "شەڕی نێوخۆی سوودان بووەتە هۆی ئەوەی 2 ملیۆن و 200 هەزار کەس ماڵەکانیان بەجێبهێڵن؛ لەو ژمارەیەش، 528 هەزار کەس بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون."
 
مارتن گریفیس، بەرپرسی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا رایگەیاند: "دۆخی سوودان بەرەو کارەساتی مرۆیی دەڕوات؛ نابێت جیهان رێگە بەمە بدات."
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمریکا بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوودان دەکات."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2023، سوپای سوودان رایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هیچ بڕگەیەک لە رێککەوتنەکەی جەدەیان جێبەجێ نەکردووە و کشانەوەی سوپای لە رێککەوتنەکە راگەیاند. 
 
سوپای سوودان لە راگەیێندراوەکەدا گوتیشی، "لە گفتوگۆکان کشاینەوە، چونکە یاخیبووەکان هیچیەک لە بڕگەکانی ئاگربەستە کورتخایەنەکەیان جێبەجێنەکرد، کە دەبوو لە نەخۆشخانە و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بکشێنەوە". 
 
رۆژی 11ـی ئایاری 2023، سوپای سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆی لە شاری جەددەی سعودیە رێککەوتننامەی "پابەندبوون بە پاراستنی هاووڵاتییانی سیڤیلی سوودان"ـیان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە "هەردوولا پابەند دەبن بە ئاسانکاریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بە خەڵکی سڤیل."
 
لە رێککەوتننامە هاوبەشەکەی نێوانیاندا ئاماژە بەوە کرابوو، "هەردوولا رێگەخۆش دەکەن تاوەکو خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکە، وەکو کارەبا و ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان بگەڕێندرێنەوە. هێزە چەکدارەکانی هەردوولا لە نەخۆشخانە و نۆرینگەکان دەکشێنەوە و رێگە دەدەن کوژراوەکان بە رێزەوە بە خاک بسپێردرێن."
 
لە 15ـی نیسانی ئەمساڵ، گرژییەکان لە نێوان ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ژەنەڕاڵ محەممەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، بۆ شەڕێکی خوێناوی گۆڕان، لەسەر ئەوەی کێ وڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکان و خاوەنی 46 ملیۆن دانیشتوو بەڕێوەدەبات.