پاپا فرانسیس لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەڕایەوە ڤاتیکان
رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان لەدوای نۆ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک لە ئیتاڵیا، نەخۆشخانەی جێهێشت و گەڕایەوە ڤاتیکان.
رۆژی هەینی، 16ـی حوزەیرانی 2023، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان لەدوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی گیمیلیی شاری رۆما نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدرا، نەخۆشخانەی جێهێشت و گەڕایەوە ڤاتیکان.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەمە سێیەمین جارە دۆخی تەندروستی پاپای تەمەن 86 ساڵ تێکدەچێت. ئەوە لەکاتێکدایە، کە پێشتر بەدەست نەخۆشی کۆلۆن و ئازاری ئەژنۆیەوە دەیناڵاند. دوایین جاریش لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بەهۆی هەوکردنی سینگییەوە سەردانی نەخۆشخانەی کرد.
هەفتەی رابردوو، بەهۆی ئازاری ماسوولکەکانییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی چوارشەممەی رابردوو نەشتەرگەریی فتقی بۆ ئەنجامدرا.
دکتۆر سێرجیۆ ئالفیێری، ئەو پزیشکەی کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ پاپا ئەنجامداوە، لە کاتی هاتنە دەرەوەی پاپا لە نەخۆشخانە بە جەماوەر و رۆژنامەڤانانی راگەیاند، " ئێستا دۆخی تەندروستیی پاپا باشە و دڵنیام لە چەند رۆژی داهاتوودا لە جارانیش باشتر دەبێت و چیتر ژیانی لەژێر مەترسیدا نابێت".
لە دوای هاتنە دەرەوەی پاپا لە نەخۆشخانە، پرسیار لەبارەی تەندروستیی لێکراو و لە وەڵامدا پاپا گوتی، "سوپاس بۆ خوا کە هێشتا لە ژیاندام و دەژیم".