ترەمپ بۆ دانیشتووانی تاران: دەستبەجێ شارەکە چۆڵ بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، داواش لە دانیشتووانی تاران دەکات، دەستبەجێ شارەکە چۆڵ بکەن.
رۆژی سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ گوتی، "ئێران دەبوو ئەو رێککەوتنەی واژۆ بکردایە کە پێم گوتن واژۆی بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ هۆشداری بە دانیشتووانی تارانی پایتەختی ئێران دا و داوای لە دانیشتووانی شارەکە کرد کە "پێویستە هەمووان دەستبەجێ تاران چۆڵ بکەن".
ترەمپ چەند کاژێرێک پێش پۆستەکەی، لە پەراوێزی لووتکەی G7 لە کەنەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران گوتی، "پێموایە رێککەوتنێک واژۆ دەکرێت، یان شتێکی دیکە روودەدات، بەڵام رێککەوتنێک واژۆ دەکرێت."
هەروەها ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، "پێموایە ئێران گەمژەیی دەکات ئەگەر [رێککەوتن] واژۆ نەکات."
هاوکات، ترەمپ ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەوە بدات کە ئایا ئەمریکا پشتیوانیی سەربازیی ئیسرائیل دەکات بۆ لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
پێشتریش رایگەیاندبوو کە ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا نەکردووە، بەڵام ستایشی هێرشەکانی کردبوو و شانازیی بەوەوە کردبوو کە ئیسرائیل چەکی ئەمریکی بەکاردەهێنێت.