بەریتانیا: دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە
رووداو دیجیتاڵ
لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باس لەوە دەکات کە پار، دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان "مایەی نیگەرانی بووە."
راپۆرتەکە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆژنامەڤانان بێ فەرمانی دادگە دەستگیر و دەستبەسەر کران، لە نێویاندا، پێش خۆپێشاندانێکی پلان بۆ دانراو لە مانگی ئابدا."
هەروەها دەڵێت لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش "نەبوونی رێز" بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بۆ پاراستنی رێوشوێنە یاساییەکان، بەردەوام بووە، هاوکات راپۆرتەکە باس لەوە دەکات: "مەودای رۆژنامەڤانیی سەربەخۆ و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بە سنوورداری مایەوە. ئازادیی رادەربڕین بە بەکارهێنانی تۆقاندن و لێپێچینەوە، لە نێویشیاندا لەسەر چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئازادیی رادەربڕین بەرتەسککرا."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات: "لە عێراق راپۆرت هەن لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجە، لەوانەش بۆ ناچارکردنی خەڵک بەدانپێدانان."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رەخنە لە دادگاکانی عێراق دەگرێت لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی 2022، بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە هیچ سزایێکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "پڕۆسەی درەنگکەوتووی پێکهێنانی حوکمەت دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوونی پەکخست. بواری کۆمەڵگەی سڤیل و ئازادیی رادەربڕین سنووردارکرا. گرووپە چەکدارەکان بێ لێپێچینەوە بەردەوامبوون لە جموجوڵ، کوشتنی بەئامانج و تۆقاندنی چالاکڤانە سیاسییەکانیش بەردەوام بوو. ژنان و کچان بەردەوام بە نەریتی کۆمەڵایەتی، ئایینی و عەشایەریی نەریتخواز پەراوێزدەخران، رێژەی تووندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر بەرز بوو، لەوانەش کوشتن بە بیانووی نامووس."
لە خاڵێکی ئەرێنیدا، راپۆرتەکە دەڵێت، بۆ یەکەمین جار ژنان زیاتر لەو 25٪ی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا کە وەکو کۆتا بۆیان دیاریکراوە و 29٪ی کورسییەکانیان مسۆگەرکردن.
ئاوارە و پەنابەرەکان
"وێڕای ئەوەی کە شەڕی کراوە لەگەڵ داعش لە ساڵی 2017 کۆتاییهات، 1.2 ملیۆن ئاوارە لە کەمپەکان یان شوێنە نافەرمییەکاندا دەژین،" ئەمە وەک راپۆرتە بەریتانییەکە دەڵێت، "بەشێک لەوانەی لە ئاوارەیی دەگەڕێنەوە" سەر ماڵ و حاڵیان، "خۆیان لە دوورەپەرێزیدا دەبیننەوە و مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاساییەکانیان پێ نادرێت، بۆیە دەکەونە بەر مەترسیی پەراوێزخستن و گومانی توشبوون بە هزروبیری تووندڕۆیی."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاوکات باس لەوە دەکات، ئەوان لەگەڵ حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا کاریان کردووە بۆ ئەوەی "گوشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی و دابینکردنی پارە بۆ یاسای رزگاربووانی ئێزدی،" کە ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی کچان و ژنانی کوردانی ئێزدییە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەوڵانە "بوونە هۆی ئەوەی 17 ملیۆن دۆلار لە بودجەی لەناکاو تەرخانبکرێت و لە مانگی ئەیلوول پرۆسەی وەرگرتنی داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە دەستپێبکات."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەکات کە "پێکەوەکارکردنی سنووردار" لەنێوان حکومەتی فیدڕالی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لە کاتێکدا کە لانیکەم دوو هەزار ژن و کچی کوردی ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن و "ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی تووندوتیژیی سێکسی لە کاتی جەنگدا لە دایکبوون هێشتا پێویستیان بە ئاوێتەکردنەوەیە."