پووتین لەبارەی لووتکەی ئەلاسکا: کۆبوونەوەکە زۆرباش بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملێن) بڵاویکردەوە، سەرۆکی وڵاتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات کۆبووەوە و باسی وردەکاری کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کردن. سەرۆکی رووسیا پێیراگەیاندوون، گفتوگۆیان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لەسەر بنەمایەکی "دادپەروەرانە" کردووە. 
 
رۆژی هەینی، 15ـی ئابی 2025، لە ئەلاسکا کاژێر 10:30ـی شەو بەکاتی هەولێر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە کۆبوونەوە کرد و نزیکەی سێ کاژێر بەردەوام بوو. 
 
ئەمڕۆ، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی کۆبووەوە. بە گوێرەی کریملین، سەرۆکی رووسیا کاتی کۆبوونەوەکەی بە "گونجاو" ناوبردووە و رایگەیاندووە، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگیان لەسەر "بنەمایەکی دادپەروەرانە" کردووە. 
 
سەرۆکی رووسیا ئەوەشی گوتووە، "گفتوگۆی راستەوخۆی لەم جۆرە و لەو ئاستەمان بۆ ماوەیەکی درێژ نەبووە". ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەرفەتمان هەبوو بە هێمنی و بە وردەکارییەوە هەڵوێستەکانمان دووپاتبکەینەوە". 
 
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "نزیکەی سێ کاژێر بەیەکەوە بووین و کۆبوونەوەیەکی زۆر چڕمان کرد. لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێککەوتین. یەک بۆ دوو خاڵی گرنگ ماون، بەڵام پێم وابێت دەتوانرێ رێککەوتنیان لەسەر بکرێ. ئەمەش کەوتووەتە سەر سەرۆک زیلینسکی بۆ ئەوەی رێککەوتنیان لەسەر بکرێت." 
 
 لە کۆبوونەوەکەدا، پووتین داوای کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی کرد کە لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێ، ترەمپیش بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە. بڕیارە رۆژی دووشەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری کۆتاییهێنان بە جەنگ. بە گوتەی زیلینسکی، ترەمپ وردەکاری ئەو خاڵە سەرەکییانەی پێگوتووە کە لەگەڵ پووتین گفتوگۆی لەسەر کردوون. 
 
بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی وڵاتانی ئەورووپا، ترەمپ و زیلینسکی داوای بەشداری وڵاتانی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لە ئەگەری بەڕێوەچوونیان دەکەن. یەکێتیی ئەورووپاش هەمان داواکاری لە راگەیێندراوێکدا کرد و داوای کرد تاوەکو گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکراینا، گوشارەکان لەسەر رووسیا بەردەوام بن. 
 
پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پووتین، چارەنووسی خاکی کۆنترۆڵکراوی ئۆکراینا لەلایەن رووسیا، پرسی بە ئەندامبوونی کیێڤ لە ناتۆ و ئاسایشی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا گەورەترین بەربەستی بەردەم ئاگربەست بوون. هێشتاش روون نییە ئەم پرسانە چۆن یەکلایی دەکرێنەوە.