ترەمپ: لەگەڵ پووتین تاڕادەیەکی زۆر لەسەر گۆڕینەوەی خاک رێککەوتووین


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی جەنگی ئۆکراینا بە گۆڕینەوەی خاک و جۆرێک لە گەرەنتیی ئەمنیی ئەمریکی کۆتایی دێت.

رۆژی هەینی، 15-08-2025، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ شۆن هانیتی لە کەناڵی فۆکس نیوز، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە سازشکردن لەسەر خاک کە خاکی نوێ دەداتە رووسیا و ئەگەری پێدانی گەرەنتیی ئەمنیی ئەمریکی بە ئۆکراینا، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە خاڵێکی رێککەوتن بووە لەگەڵ پووتین.
 
ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەوانە ئەو خاڵانە بوون کە لەسەریان دانوستاندنمان کرد و ئەوانە ئەو خاڵانەن کە تا رادەیەکی زۆر لەسەریان رێککەوتووین."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لە راستیدا، پێموایە ئێمە لەسەر زۆر شت رێککەوتووین. دەتوانم پێتان بڵێم، کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی گەرم بوو."
 
ترەمپ، پووتینی بە "پیاوێکی بەهێز" و "زۆر تووند" وەسفکرد، بەڵام رایگەیاند کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
 
لە کۆتاییدا ترەمپ گوتی: "پێموایە ئێمە زۆر لە کۆتاییەوە نزیکین. پێویستە ئۆکراینا پێی رازی بێت."
 
ئامۆژگاریی ترەمپ بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، کورت و پوخت بوو: "پێویستە رێککەوتنێک بکات."