پووتین باسی گەیشتنە 'تێگەیشتن' لەگەڵ ترەمپ دەکات: سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا، گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێک" لەسەر ئۆکراینا. گوتیشی، "ئەگەر ترەمپ سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ستایشی ئیرادەی ترەمپی کرد بۆ "ئاسانکردنی چارەسەری ململانێی ئۆکراینا،" هەروەها "ئارەزووی بۆ چوونە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکە و تێگەیشتن لە رەگ و ریشەکەی."
سەرۆکی رووسیا گوتیشی، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر دابینکردنی ئاسایشی ئۆکراینا هاوڕایە و رایگەیاند، مۆسکۆ "ئامادەیە کار لەسەر ئەمە بکات،" بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو.
پووتین، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە تێگەیشتنەکە چییە، گوتی، "دەمەوێت هیواداربم کە ئەو تێگەیشتنەی پێی گەیشتووین، رێگەمان بدات لەو ئامانجە نزیک ببینەوە و رێگە بۆ ئاشتی لە ئۆکراینا بکاتەوە."
سەرۆکی رووسیا هۆشداریشی دا و گوتی، "هیوادارین کیێڤ و پایتەختە ئەورووپییەکان هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی بونیادنەرانە لێی بڕوانن و هیچ بەربەستێک دروست نەکەن، یان هەوڵی تێکدانی ئەو پێشکەوتنە سەرەتاییە نەدەن لە رێگەی وروژاندن یان فێڵی پشت پەردەوە."
پووتین سوپاسی ترەمپی کرد بۆ تۆنی "دۆستانە"ی ئەو گفتوگۆیەی رۆژی هەینی کردیان و رایگەیاند، پێویستە رووسیا و ئەمریکا "لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی." ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە نزمترین ئاستیدا بووە لەدوای جەنگی ساردەوە.
"ئەگەر ترەمپ سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا"
سەرۆکی رووسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ترەمپ لە ساڵی 2022 سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا.
رۆژی هەینی 15-08-2025 پووتین بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمڕۆ، دەبیستین سەرۆک ترەمپ دەڵێت کە ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە، هیچ جەنگێک رووی نەدەدا. پێموایە هەر واش دەبوو."
پووتین زیاتر لەوبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، "ئەمە دەڵێم، چونکە من و سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکی بەهێز و کردەییمان هەیە، کە لەسەر بنەمای متمانە دامانمەزراندووە." گوتیشی، "هەموو هۆکارێکم هەیە بۆئەوەی باوەڕم وابێت بە رۆیشتن بەم رێگەیەدا، دەتوانین کۆتایی بە ململانێی ئۆکراینا بهێنین، هەرچەندە زووتر بێت، باشترە."
پووتین بە شێوەیەکی نەرێنی باسی ئیدارەی پێشووی ئەمریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە، "لە ساڵی 2022، لە کاتی دوایین پەیوەندیمدا لەگەڵ ئیدارەی پێشوو، هەوڵمدا هاوتا ئەمریکییە پێشووەکەم قایل بکەم کە نابێت رێگە بدەین دۆخەکە بگاتە خاڵێک کە دەرەنجامی مەترسیداری لێبکەوێتەوە بە شێوەی کردەوەی سەربازی." سەرۆکی رووسیا گوتیشی، "ئەوکات گوتم کە ئەوە هەڵەیەکی گەورە بوو."
ترەمپ رایگەیاند، دوای گفتوگۆکانی رۆژی هەینی لە ئەلاسکا، ئەو و پووتین نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا. هەردوو سەرکردە وردەکارییەکی کەمیان لەبارەی ئەوەی باسیان کردووە خستەڕوو، بەڵام ستایشی یەکدییان کرد.
پووتین گوتی، ئەو و ترەمپ گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێک" لەسەر ئۆکراینا و هۆشداریی دایە ئەورووپا، "ئەم پێشکەوتنە سەرەتاییە تێک نەدەن."
بەڵام ترەمپ رایگەیاند، "هیچ رێککەوتنێک نییە" و گوتی کە پلانی هەیە بەم زووانە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرکردە ئەورووپییەکان قسە بکات.