بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: دەمانەوێ یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە هەموو ناوچەکانی سووریا

رووداو دیجیتاڵ

تۆم فلەچەر، جێگری سکرتێری گشتیی کاروباری مرۆیی و رێکخەری یارمەتیی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە رێکخراوەکەیان ده‌یه‌وێت "بەبێ هیچ ئاستەنگێک" بگاتە سەرجەم ناوچەکانی سووریا، گوتیشی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا "یارمه‌تیده‌ر بوون" بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان.
 
تۆم فلەچەر، لە وەڵامی پرسیارێکی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان و پرسی ئاواره‌كانی عەفرین، ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکانیان لەسەر زەوی بەردەوامن لە دۆزینەوەی ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە و پلانەکانیان بەردەوام نوێ دەکەنەوە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی هاوکارییەکان بەوانەی زۆرترین پێویستیان پێیەتی.
 
سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی سووریا بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستی باڵا، فلەچەر رایگەیاند، سەردانەکە یەکێک دەبێت لە بەشە هەرە دیارەکانی هەفتەی ئاستی باڵا. گوتیشی، "لە روانگەی هاوکاری مرۆییەوە، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی سووریا ئەم داواکارییە هاوبەش دەکەین کە لە پشتبەستن بە پشتگیریی مرۆییەوە بگوێزرێتەوە بۆ شێوازێکی گەشەپێدانی خۆڕاگری."
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، خواستیان ئەوەیە سیستمی مرۆیی لە سووریا پێویستی پێیان نەبێت و بە شێوەیەکی نموونەیی، "دەمانەوێت خۆمان لەکار دوور بخەینەوە."
 
فلەچەر باسی لەوەش کرد کە گفتوگۆی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کردووە، لەوانەش لە کاتی سەردانەکەیدا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، کە تیایدا باسی کردنەوەی خاڵەکانی پشکنین و دەروازە سنوورییەکان کراوە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ هەموو شوێنێک. "دڵنیام کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا بەردەوام دەبم لەم بابەتە."
 
سەبارەت بە پرسی عەفرین و ئاوارەکانی، فلەچەر بەشێوەیەکی راستەوخۆ وەڵامی نەدایەوە، بەڵکو بە گشتی ئاماژەی بە خواستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ گەیشتنی یارمەتی بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا.